دوای یەک ساڵ جەنگ حەماس چۆکی دانەداوە و نەتەنیاهوو دەڵێت: ئەمە شەڕی قیامەتە

 
رووداو دیجیتاڵ

کابینەکەی نەتانیاهوو لە یەکەمین ساڵیادی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆسەر ئیسرائیل خوولەکێک بێدەنگ بوو. پاشان نەتانیاهوو بێدەنگییەکەی شکاند و گوتی، "ئەمە شەڕی قیامەتە."
 
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێمە شەڕی بوونمان دەکەین، ئەمە شەڕی قیامەتە، کۆتایی بەم شەڕە ناهێنین مەگەر هەموو ئامانجەکانمان بەدەستبهێنین، کۆتاییهێنان بە حەماس، گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتە زیندوو و مردووەکانمان. گەڕاندنەوەی ئاوارەکانمان بۆ ماڵی خۆیان لە باشوور و باکووری وڵات."
 
ئیسرائیل، حەماس بە پچڕاندنی پەتی گفتوگۆکانی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات. سەرچاوەیەکی میدیایی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، گوایە یەحیا سنوار، سەرۆکی حەماس لەدوای ماوەیەکی زۆر دابڕان، پەیوەندیی بە بەرپرسانی بزووتنەوەکە لە قەتەر کردووەتەوە و یەک پەیامی تووندی ئاراستە کردوون، درێژە بە شەڕەکە دەدرێت، فراوانبوونی جەنگ گوشارەکانی سەر ئیسرائیل زیاتر دەکەن و ناچار بە ئاگربەست و کشانەوەی لە غەززە دەکەن.
 
گوتارەکەی ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی قەسام تاڕادەیەک هەواڵەکەی تایبەت بە سنوار پشتڕاست دەکاتەوە.
 
ئەبو عوبەیدە رایگەیاند، "سەرکەوتنی بڕیار و بژاردەمان بریتییە لە درێژەدان بە رووبەڕووبوونەوەی دوژمن لە شەڕێکی درێژخایەن بۆ پڕووکاندن و زیانپێگەیاندن، چونکە دوژمن بڕیاری درێژەدان بە دوژمنکارییەکانی داوە."
 
لە یەک ساڵی رابردوودا، سوپای ئیسرائیل بە گوتەی خۆی، توانیویەتی سەرووی 40 هەزار ئامانجی حەماس لەنێوببات لەگەڵ دۆزینەوەی نزیکەی 5000 سەرە تونێل و تێکدانیان. بەڵام باجەکەی بریتی بوو لە کوژرانی 726 سەرباز و برینداربوونی زیاتر لە 4500ی دیکە و بانگهێشتکردنەوەی سەرووی 300 سەربازی یەدەگ، کە کەلێنێکی لە ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئیسرائیل دروستکردووە.
 
جۆزێف فیدەرمان، شرۆڤەکار دەڵێت، "ئیسرائیل یەکەمین ساڵیادی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر دەگێڕێت، دوای یەک ساڵ، هێشتا هیچ ئاماژەیەک لەسەر کۆتاییهاتنی ئەم شەڕە نییە و پێدەچێت لەم کاتەدا رێگەی ئاگربەست داخرابێت، گەرچی گوشاری سەر سوپا و خەڵک و شەقامی ئیسرائیلیش زۆرە، لەنێویاندا پرسی گەڕاندنەوەی بارمتەکان."
 
چارەنووسی نادیاری کوڕەکەی کە بارمتەی لای حەماسە، قوڕگی دەیڤدی نووساندووە و لە قسە کەوتووە. دەیڤد یەکێکە لە دەیان هەزار ئیسرائیلی کە شەوانە لە تەلئەڤیڤ خۆپیشاندان دەکەن و داوای ئاگربەست و گەڕاندنەوەی بارمتەکانیان دەکەن.
 
حەماسیش سەرجەم شکستەکان دەخاتە ئەستۆی نەتانیاهوو. گوتەبێژی قەسام دەڵێت، "سەبارەت بە پەڕاوی دیلەکان و ئاڵۆگۆڕکردنیان، بە دەسەڵاتی داگیرکار و کەسوکاریان، دەڵێین: ئەگەر نەتانیاهوو بیویستایە دەکرا هەر لە پارەوە سەرجەم دیلەکانتان بە زیندوویی وەربگرنەوە، ئەوەش بزانن چارەنووسی دیلەکانتان بە بڕیارێکی حکومەتی داگیرکاری بەستراوەتەوە."
 
کردنەوەی بەرەی شەڕی لوبنان، پەنجەرەی گفتوگۆی ئاگربەستی شەڕی غەززەی داخستووە و دەرفەتی گەیشتن بە ئاشتی زیاتر بەرەو نەمان دەبات.
 
لەلایەک دەگوترێت نەتانیاهوو چارەنووسی سیاسیی خۆی بە بەردەوامی شەڕەکە بەستووەتەوە؛ لەولاشەوە دەڵێن، سنوار دەزانێت رۆژێک دوای ئاگربەست لە باشترین دۆخدا دەبێت بە نهێنی غەززە جێبهێڵێت.
 
هەردوو شەقامی ئیسرائیل و غەززەش دەناڵێنن، یەکەمیان بەدەست نەمانی ئاسایش و دووەمیان برسێتی و نەمانی ژیان.