رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەنگی فەلەستین و ئیسرائیل کۆدەبێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 08-10-2023، ئەنجوومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی "دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە دۆزی فەڵەستینەوە" دەکات. چاوەڕواندەکرێت کۆبوونەوەکە کاژێر 21:00 بە کاتی هەولێر لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەبچێت.
راگەیاندنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش دوای ئەوە دێت کە رۆژی شەممە، 08-10-2023، وەزارەتی دەرەوەی بەرازیل بڵاویکردەوە کە وڵاتەکەی داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات و "لایەنەکان هاندەدات کە دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە هەڵکشانی زیاتری دۆخەکە دووربگرن." هەروەها "حکومەتی بەرازیل سەرکۆنەی زنجیرە بۆردوومانەکان و هرشی زەوینی دەکات." ئەوەش لاکاتێکدایە کە ئێستا بەرازیل سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەرازیلدا هاتبوو کە وڵاتەکە "پابەندبوونی خۆی دووپاتدەکاتەوە بە چارەکردنی کێشەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین بۆ ئەوەی بەیەکەوە لە ئاشتی و ئاسایشدا بژین، کە هەردوو لایەن لەسەری رازیبن و سنوورەکانیش لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانیان پێدا بندرێت."
ئەوە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستەی کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوو بەرەی ئیسرائیل و فەڵەستین، لە دوو رۆژی سەرەتای جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلدا لە هەردوولا زیاتر لە هەزار کەس کوژراون و نزیکەی چوار هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ