گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان بۆ زیاتر لە دوو هەزار کەس بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار کەس بەرزبووەوە. 
 
عەبدولواحید رەیان، گوتەبێژی وەزارەتی زانیاری و کولتووری ئەفغانستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 8-10-2023) رایگەیاند، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی رۆژی شەممە و پاشلەرزەکانی، زیاتر لە دوو هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
عەبدولواحید رەیان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا 6 گوند وێران بوون و سەتان هاووڵاتیش کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکانەوە. 
 
هاوکات سوهەیل شاهین، گوتەبێژی تاڵیبان کە لە قەتەر دادەنیشێت، بە میدیای عەرەبی راگەیاند، بوومەلەرزەکە زیانی گەورەی هەبووە و تاوەکو ئێستاش ژمارەیەکی زۆر کەس بێسەروشوێنن. 
 
سوهەیل شاهین ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخەکە خراپە و هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەی بوومەلەرزەکە لێی داون، پێویستییەکی زۆریان بە خێوەت، دەرمان و خواردن هەیە. 
 
بوومەلەرزەکە کاژ‌ێر 9:30ـی بەیانی رۆژی شەممە 7-10-2023 بە دووری 40 کم لە باکووری رۆژئاوای شاری هیرات لە پارێزگای هیرات روویدا. دوای ئەوەش چەند پاشلەرزەیەک لەو پارێزگایە و پارێزگاکانی بادغیس و فەرا روویاندا.