رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تووشبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆمیسیۆنی رێکخەری دیبەیتەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رایگەیاند، دووەم دیبەیتی نێوان بەربژێرانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە ئۆنلاین بەڕێوە دەچێت، بەڵام ترەمپ رەتیدەکاتەوە بە ئۆنلاین بەشداری بکات.
کۆمیسۆنەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڕیارەکەی راگەیاند، چەند خولەکێک دواتر دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینی لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فۆکس نیوز و لە بەرنامەی فۆکس بزنس ئاماژەی بەوەدا، "ئەوە [دیبەیتی ئۆنلاین] لەلای ئێمە قبووڵکراو نییە".
ترەمپ ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنەی کە دیبەیتەکان رێکدەخات، بە لایەنگیری بۆ بایدن تۆمەتبارکرد، گوتیشی، وابیردەکاتەوە کە نێوەندگیری دیبەیتەکە لە ئۆنلایندا لەوانەیە قسەکانی پێببڕێت.
کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، بۆیە ئەو بڕیارەی داوە تاوەکو "سەلامەتی و تەندروستیی هەموولایەکی بەشدار لە دیبەیتەکە بپارێزێت. ترەمپیش دەڵێت، ئەگەر هەست بکات هێشتا کاریگەریی ڤایرۆسەکەی لەسەر ماوە و نیشانەکانی هەیە، بەشداری دیبەتی راستەوخۆ ناکات. بەڵام ئێستا تەندروستیی باشە بۆ بەڕێوەبردنی کامپەینی هەڵبژاردن.
کاتی دووەم دیبەیتی بەربژێرانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە رۆژی هەینی 16ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
لە یەکەم دیبەیتی نێوانیان، ترەمپ و بایدن بە هێرشکردنە سەر یەکدی دەستیان پێکرد.
هاوکات کەیت بێدینگفیڵد، جێگری بەڕێوەبەری کامپەینی هەڵبژاردنەکانی جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان ئامادەیی بایدنی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە دیبەیتی ئۆنلاین و گوتی "بایدن بە پەرۆشە بۆئەوەی راستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی ئەمریکا قسە بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ