دیبەیتی مایک پێنس و کامالا هاریس؛ کوشتنی سولەیمانی دەستکەوت بوو یان شکست؟
رووداو دیجیتاڵ
لە دیبەیتی نێوان جێگرانی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، مایک پێنس کوشتنی قاسم سولەیمانیی بە دەستکەوت ناوبرد و کامالا هاریسی رکابەریشی گوتی دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە هێرشی پێچەوانە هەبووە بۆسەر سەربازەکانیان لە عێراق و رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە.
مایک پێنس، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە دیبەیتەکەیدا لەگەڵ کامالا هاریس گوتی "کاتێک قاسم سولەیمانی دەیوست بچێتە بەغدا بۆ ئەوەی زیان بە سەربازەکانمان بگەیێنێت، سەرۆک ترەمپ بڕیاری لێدانی دا و کوژرا، دوای ئەوەش سەربازەکانمان سەلامەتن، ئێستا هاوپەیمانەکانمان پارێزراوترن".
لە بەرامبەردا، کامالا هاریس گوتی، کوشتنی قاسم سولەیمانی وایکرد سەربازە ئەمریکییەکان لە عێراق بکەونە مەترسییەوە.
کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی "دوای لێدان لە سولەیمانی، هێرشی پێچەوانە هەبوو بۆسەر سەربازەکانمان لە عێراق، ئەوانیش رووبەڕووی مەترسی بوونەوە. دۆناڵد ترەمپ ئەوان وەکو داش دەبینێت. ئەمە بۆچوونی ترەمپە کاتێک باسی سەربازان و پاڵەوانەکانی ئێمە دەکات".
پێنس نموونەیەکی دیکەی باسکرد کە ئەویش پرسی کوژرانی کایلا میولەر، کارمەندی مرۆیی ئەمریکی بوو کە لە ساڵی 2015 دوای دەستگیرکردنی لەلایەن داعشەوە، کوژرا. بەربژێری کۆمارییەکان بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەگەر لەوکاتەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بوایە، کایلا نەدەکوژرا.
مایک پێنس گوتی "راستییەکە ئەوەیە کاتێک کە جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو، دەرفەتی ئەوە هەبوو کایلا میولەر رزگار بکرێت. خۆیان گوتیان ئەوان دەیانزانی کایلا لە کوێیە. خێزانەکەی کایلا پێیانوایە، ئەگەر سەرۆک ترەمپ ئەوکاتە سەرۆک بوایە، کایلا ئەمڕۆ زیندوو دەبوو. ئێمە توانیمان خەلافەتی داعش تێکبشکێنین". پێنس پێیوابوو، کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، سەرکردەی داعش لە ئیدارەی ئۆبامادا دواخرا، بەڵام ترەمپ توانیی ئەو بڕیارە بدات.
کامالا هاریس دەڵێت، ترەمپ سەربازە ئەمریکییەکان بە پاڵەوان نازانێت و پێی گوتوون "دۆڕاو"، تەنانەت بە جۆن مەکەینی گوتووە، شایستەی ئەوە نییە پێی بگوترێت پاڵەوان چونکە ئەو دیلی جەنگ بووە.