مشک کوژێک دەکرێتە پاڵەوانێکی نەتەوەیی
رووداو- ئاژانسەکان
عەبدولخالق میرپوور، جووتیارێکی بەنگلادیشی لە ماوەی 12 مانگدا 160 هەزار مشک دەکوژێت، هاوکات بڕی 250 دۆلار وەک پاڵنەرو دەستخۆشی پێدراوە، جگە لەوەی وەک پاڵەوانێکی نەتەوەیی ناسرا.
عەبدولخالق میرپوور لە ئاهەنگێکی فەرمیدا رێزی لێنراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی نیشتمانی بۆ رزگارکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی وڵات و پاککردنەوەی لەو ئاژەڵ و نەخۆشییانەی تووشی کێڵگە کشتوکاڵییەکان دەبوون.
عەبدولخالق میرپوور دەڵێت '' ناتوانم دڵخۆشی خۆم دەرببڕم، ئەمە وام لێدەکات زیاتر مشك بکوژم، بۆیە تیمێکم پێکهێناوە کە زۆربەیان ئافرەتن بۆ کوشتن و لەناوبردنی هەموو ئەو کوللـەو باڵدارانەی کە دەبنە هۆی لەناوبردنی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان بەتایبەتی گەنم''.
عەبدولخالق میرپوور دوای کوشتنی هەر مشکێک رەوانەی نووسینگەی کشتوکاڵی هەرێمی دەکات بۆ سەرژمێریکردنی، ئەو دەشڵێت ''من لە ساڵی 1996ەوە دەستم داوەتە مشک کوشتن، من بەڕاستی لەززەت لە کوشتنیان دەکەم، لەبەر ئەوەی ئەوان بوونەتە دوژمنی دەوڵەت و گەل و سەرچاوەی داهاتمان دەخۆن''.