دوو ئەمریكی و ئەڵمانییەك خەڵاتی نۆبڵ لە بواری پزیشكی وەردەگرن

08-10-2013
هەڵات رێبوار
A+ A-
رووداو –  yahoo

جەیمس رۆسمان و راندی شیكمانی ئەمریكی و تۆماس سودهۆفی ئەڵمانی، خەڵاتی نۆبڵیان لەبواری پزیشكی بۆ ساڵی  2013 بردەوە.

ئەم سێ پزیشكە، سیستمی گواستنەوەیان لە خانەدا دۆزیبووەوە كە بەهۆیەوە"بەشی بچووك لە خانەدا دەگواسترێتەوە بۆ شوێنی گونجاو، لەكاتێكی گونجاودا".

لیژنەی نۆبڵ رایانگەیاند، لێكۆڵینەوەكانی ئەم سێ پزیشكە، چۆنیەتی دروستبوونی هەندێك نەخۆشی رووندەكاتەوە لەوكاتەی هەندێك لە بۆشاییەكانی خانە پێكدادەدەن، جگەلەمەش لێكۆڵینەوەكانیان وەڵام دەربارەی  نەخۆشی دەماری و شەكرە روون دەكاتەوە.

راندی شیكمان، دەڵێت:" خەڵكی ئاسایی دەتوانن سوود لەم لێكۆڵینەوەیە وەربگرن لەسەر شێوازی كاركردنی خانەكان كە رەنگدانەوەی چاوەڕوان نەكراویان هەیە لەسەر ژیانیان".

خەڵاتی نۆبڵ لەساڵی 1901ەوە هەموو ساڵێك لەلایەن ئەكادیمیای سویدی شاهانە بۆ زانستەكان، لە بوارەكانی (ئاشتی، فیزیا، كیمیا، ئەدەب، پزیشكی و زانستە ئابووریەكان) دەدرێتە ئەو كەسانەی كە شوێن پەنجەیان لەم بوارانەدا دیارە.

خەڵاتەكەش لە بڕوانامە، مەدالیایەك و بڕێك پارە پێكدێت كە دەگاتە نزیكەی 1 ملیۆن دۆلار.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە