پارتی ئازادیی نەمسا بانگەشەی دەرکردنی سەرجەم کۆچبەران دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
سەرۆکی پارتەکە
سەرۆکی پارتەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هێربێرت کیک، سەرۆکی پارتی ئازادیی نەمسایە. دوای ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد، لەنێو هەوادارانی پێشوازییەکی گەرمی لێکرا. پارتەکەی هێربێرت بە پارتێکی راستڕۆی دژە کۆچبەر و دژە موسڵمان ناسراوە.
 
لە بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنەدا، هێربێرت دەڵێت، ئەگەر براوە بێت، هەموو داواکارییەکانی مافی مانەوە بەتەواوەتی رادەگرێت، ئەوەش بانگەشەکەی زەقتر کردووەتەوە.
 
هێربێرت کیک، سەرۆکی پارتی ئازادیی نەمسا ئاماژە بەوە دەکات، "لەمەودوا هیچ داواکارییەک بۆ مافی مانەوە قبووڵ ناکەین. هەموویان تووڕە دەبن کاتێک کە من ئەو قسانە دەکەم، بەڵام هیچ کەسێک لەمە تێناگات. کاتێک کە سەیری نەخشە دەکەیت، دەبینیت بە وڵاتانی سەلامەت دەورەدراوین، ئەوانەی داوای مافی مانەوە دەکەن هەنگاری نین، چیکی، سلۆڤاکی و ئەڵمان نین، بەڵکو سووری، ئەفغانی و سۆماڵین. ئێمە بەرپرسیارێتی ئەو کەسانە هەڵناگرین و جیهانی ئیسلامی دەبێت گرنگی بە برا ئایینییەکانیان بدەن."
 
سەرۆکی پارتی ئازادی نەمسا، بانگەشەی ئەوەش دەکات سەرجەم کۆچبەران، دیپۆرت دەکاتەوە.
 
پارتەکە دژە موسڵمانەکان و کۆچبەرەکانی نەمسا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا کە لە حوزەیرانی ئەم ساڵ بەڕێوەچوو زیاتر لە 27٪ـی دەنگی نەمساییەکانیان بەدەستهێنا.
بەگوێرەی ژمارەیەک راپرسیش، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەش، پارتی ئازادیی نەمسا زیاتر لە 30٪ دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.
 
تۆماس مەیەر، هاووڵاتی نەمساییە و دەڵێت، "هێربێرت کیک کەسێکی راستگۆیە و لەسەر هەڵوێستەکانی تووندە و کەسێکی بیرمەند و پێشەنگە. ئەگەر ئەو لەنێو پارتەکانی دیکەی وەکو سۆشیاڵ دیموکراتەکان و پارێزگاران رێزی نەگیرێت، هی ئەوەیە کە ئەو لەنێو خەڵک لەپێش ئەوانەوەیە."
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا لە 29ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ بەڕێوەدەچێت. هەڵبژاردنەکەش لەکاتێکدایە، ساڵ دوای ساڵ ژمارەی کۆچبەران لەو وڵاتە زیاتر دەبێت.
 
پار نزیکەی 110 هەزار کەس لەو وڵاتە داوای مافی مانەوەیان کردووە و ساڵی 2022ـش زیاتر لە 70 هەزار کەس.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە