ترەمپ و هاریس ئامادەکاری بۆ یەکەمین دیبەیتیان دەکەن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
لهۆن نەسرەدین
هاریس قسە لەگەڵ خەڵکی دەکات و ترەمپیش کامپەینی بانگەشە فراوان دەکات
هاریس قسە لەگەڵ خەڵکی دەکات و ترەمپیش کامپەینی بانگەشە فراوان دەکات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوور لەو ویلایەتەی کە بڕیارە یەکەمین دیبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکای تێدا بکرێت، ترەمپ پێی باش بوو گەشتێک بۆ ویلایەتی ویسکۆنسنی یەکلانەبووەوە بکات و وەک هەمیشە هێرش بکاتەوە سەر هاریس و بایدن.
 
دۆناڵد ترەمپ لە بانگەشەکەیدا گوتی، "ئەو لە بایدن خراپتر و گەمژەترە، پێموایە بایدن لە هاریس کەمێك ژیرترە، ئەوان هەردووکیان چاوەڕێی دیبەیتەکەن، لەو دیبەیتەدا ئەگەر تەنانەت من هاریسیش تێکبشکێنم، هەرگیز دان بەوەدا نانێن و دەڵێن ترەمپ لە دیبەیتەکەدا زۆر خراپ بوو."
 
پێچەوانەی ترەمپ، هاریس لە ویلایەتی پێنسیلڤێنیایە کە تێیدا لە 10ـی ئەم مانگە دیبەیتەکە دەکرێت. گەشتێك بە شەقام و رێستورانت و کافێکانیدا دەکات و وەک دەردەکەوێت بە باوەش و وێنەگرتن خۆشەویستی بەسەر خەڵکدا دابەش دەکات.
 
کەسێک پرسیار لە هاریس دەکات، "ئامادەیت لەگەڵ ترەمپ دیبەیت بکەیت؟" کامالا هاریس گوتی، "بەڵێ، ئامادەم." کاتێکیش لێی دەپرسن، "چییە ئەو شتەی کە دەتەوێت سەبارەت بە ترەمپ بیخەیتەڕوو؟" هاریس وەڵامی دایەوە، "شتی زۆر هەن، بەڵام کاتیەتی لاپەڕەی دابەشبوونمان هەڵبدەینەوە و پێکەوە رێگەیەکی نوێ بۆ وڵاتمان دروست بکەین."
 
دیبەیەتەکە لە شارێکی پێنسێلڤێنیا دەکرێت، راپرسییەکان لەو ویلایەتە یەکلانەبووەوەدا دەریدەخەن دەنگی هاریس و ترەمپ یەکسانە.
 
لۆویس بارسۆلێتی، دانیشتووی پێنسێلڤێنیایە و دەڵێت، "پێموایە قورسە یەكێك لە بەربژێرەکان هەڵبژێریت، بە تایبەتی کە ئەوان تەنیا قسە دەکەن و هیچ شتێك بۆ خەڵک ناکەن. بە گشتی هاریست هەیە کە لاوازە و ناتوانێت وڵات بەڕێوەبەرێت، لەو لاشەوە ترەمپت هەیە کە سەرشێتە. بۆیە هەڵبژاردنی یەكێكیان قورسە."
 
دەگوترێت هاریس بە ئەزموونی چەندین ساڵەی لە بواری دادوەری کە رۆژانە دیبەیت و سەروکاری لەگەڵ خەڵک و تاوانباراندا بووە، ئەگەری سەرکەوتنی بەسەر ترەمپ دا زۆرە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە