شاژنە ئێلیزابێزی دووەم لە تەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دواییکرد


رووداو - هەولێر

شاژنە ئێلیزابێز کە بۆ ماوەی 70 ساڵ شاژنی بەریتانیا بوو، لە تەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دواییکرد؛ لە دوای خۆی شازادە چارڵس، شازادەی وەیڵز بووە پادشای بەریتانیا و 14 وڵاتی دیکە.
 
رۆژی پێنجشەممە 8-9-2022، کاژێر 6:30ی ئێوارە بە کاتی لەندەن (8:30ی ئێوارە بە کاتی هەولێر) کۆشکی بەکینگهام رایگەیاند: "شاژن بە ئارامی لە کۆشکی باڵمۆرد کۆچی دواییکرد".
 
چارڵس فیلیپ ئارسەر جۆرج، کوڕە گەورەی شاژن لە تەمەنی 73 ساڵیدا راستەوخۆ بووە پاشای بەریتانیا و 14 وڵاتی دیکە لەوانەش ئوسترالیا، کەنەدا و نیوزیلاند.
 
هەر ئەمڕۆ دوای ئەوەی تیمی پزیشکیی شاژن راگەیێندراوێکیان لەبارەی دۆخی ناجێگیری تەندروستیی شاژن بڵاوکردەوە، تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی گەڕانەوە کۆشکی باڵمۆرد لە سکۆتلەندا و لە دواخولەکەکانی ژیانیدا لەگەڵیدابوون.
 
کۆشکی بەکینگهام لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، چەند ساڵێک بوو دۆخی تەندروستیی شاژن خراپ بوو و، ئەوەش هۆکاری ئەوە بووە کە لەو ماوەیەدا نەیتوانی بەشداری لە بۆنە گشتییەکاندا بکات.
 
شاژنە ئێلیزابێز ناوی تەواوی ئێلیزابێز ئەلێکساندرا مارییە. لە 21ی نیسانی 1926 لە لەندەن لەدایکبووە. شاژنە ئێلیزابێزی دووەم دوای مردنی باوکی لە ساڵی 1952، لە 6ی شوباتی ئەو ساڵەدا بووە شاژنی بەریتانیا. 
 
 
شاژنە ئێلیزابێز لە 1947 ژیانی هاوژینی لەگەڵ شازادە فیلیپ پێکهێنا و چوار منداڵیان هەیە؛ ئەوانیش شازادە چارڵس فیلیپ، ئاندریو فیلیپ، ئان فیلیپ و ئێدوارد فیلیپن. 
 
شازادە فیلیپ لە 10ی حوزەیرانی 1921 لەدایکبوو و لە ساڵی 1947 ژیانی هاوژینی لەگەڵ شاژنە ئێلیزابێز پێکهێنا و 9ی نیسانی 2021 کۆچی دواییکرد.