ئەشرەف غەنی بۆ گەلی ئەفغانستان: داوای لێبووردن دەکەم

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان رایگەیاند، داوای لێبووردن لە گەلەکەی دەکات لەوەی لەو رۆژەی بزووتنەوەی تاڵیبان چووتە کابوولی پایتەخت، وڵاتەکەی جێهێشتووە، بڕیاری جێهێشتنی وڵاتەکەشی بە "قورسترین بڕیار" لە ژیانیدا ناودەبات.
 
دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان چووە نێو کابوولی پایتەختی ئەفغانستان، ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەوکاتی ئەفغانستان وڵاتەکەی جێهێشت، سەرەتا گوترا رووی لە تاجیکستان کردووە، بەڵام دواتر خۆی رایگەیاند، چووەتە ئیمارات. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە غەنی و هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان گرت لەوەی "شەڕیان لەپێناو وڵاتەکەیان نەکردووە".
 
سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان تۆمەتبار دەکرێت بە "دزینی" ملیۆنان دۆلار موڵکی گشتی، بەڵام خۆی رەتیدەکاتەوە. رۆژی چوارشەممە 8ی ئەیلوولی 2021 رایگەیاند، خۆی و هاوکارەکانی ئامادەن بۆئەوەی لێکۆڵینەوەیان لێبکرێت، بەڵام لەلایەن لیژنەیەکی سەربەخۆوە، ئەمەش بۆ سەلماندنی بێتاوانییان.
 
راگەیێندراوەکەی ئەشرەف غەنی رۆژێک دوای ئەوە دێت کە بزووتنەوەی تاڵیبان حکومەتێکی کاتیی نوێی راگەیاند و سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی ناساند.
 
غەنی دەڵێت، "روونکردنەوەیەک قەرزداری گەلی ئەفغانستانم بۆ جێهێشتنی لەناکاوی کابوول لە 15ی ئاب، دوای ئەوەی تاڵیبان بە شێوەیەکی پێشبینی نەکراو هاتە نێو شارەکەوە. هێزی ئەمنیی کۆشکی سەرۆکایەتی ئامۆژگارییان کردم بە جێهێشتنی کابوول".
 
بە گوتەی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان، جێهێشتنی وڵاتەکە "قورسترین بڕیار"ی ژیانی بووە، دەشڵێت، "بەڵام لەو باوەڕەدا بووم کە ئەوە تاکە رێگەیە بۆ بێدەنگکردنی لوولەی تفەنگەکان و رزگارکردنی کابوول و شەش ملیۆن هاووڵاتیی دانیشتووی".
 
ئەشرەف غەنی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە دەڵێن، لەکاتی جێهێشتنی ئەفغانستاندا ملیۆنان دۆلاری گەلی ئەفغانستانی بردووە و دەڵێت، "ئەم تۆمەتانە درۆیە و هیچ بنەمایەکیان نییە".
 
رۆژی 18ی ئاب غەنی بۆ یەکەم جار دوای جێهێشتنی وڵاتەکەی لە ئیماراتەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە "ناچار" بووە ئەفغانستان جێبێڵێت بۆئەوەی رێگە لە رژانی خوێن و دروستبوونی کارەساتی گەورە بگرێت. گوتیشی، "تەنیا بە کڵاو و پێڵاوەوە رۆشتم".