بۆکۆحەرام دەیان کەسی لە نایجیریا کوشت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
دەیان کەسی سڤیل لە باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریا، لە هێرشی چەکدارانی بۆکۆحەرام بۆ سەر چەندین گوند کوژران.
 
سەرچاوەی میلیشیا ناوخۆییە لایەنگرەکانی حکومەتی نایجیریا، رووداوەکەیان پشتڕاستکردەوە و وردەکاریی چەندین هێرشیان ئاشکراکرد، کە چەکدارەکانی بۆکۆحەرام کردوویانە.
 
باباکورا کۆلۆ، بەرپرسی یەکێک لەو میلیشیایانە، بە ئاژانسی 'فرانس پرێس'ی راگەیاند، چەکدارەکانی بۆکۆحەرام، لە کاژێرە درەنگەکانی شەوی یەکشەممەدا، هێرشیان کردە سەر گوندی کرماری لە دوورایی 40 کیلۆمەتر لە مایدۆگۆری، پایتەختی ویلایەتی بۆرنۆ، چوار  گوندنشینیان کوشتووە، لە کاتێکدا ئەوان لە قوڵایی خەودابوون.
 
ئیبراهیم لیمان، ئەندامی هەمان میلیشیا گوتویەتی هێرشکەرەکان ئەو چوار گوندنشینەیان کوشتووە بەبێئەوەی چەک بەکاربهێنن، ئەمەش لەبەرئەوەی سەرنجی هێزە جێگیرەکانی سوپای نایجیریا، نزیک گوندەکە بۆ خۆیان رانەکێشن.
 
لە گوندێکی دیکە، کە دەکەوێتە دەروازەکانی مایدۆگۆری، چەکدارەکانی بۆکۆحەرام هێرشێکی هاوشێوەیان کردە سەر ماڵی کەسێکی سڤیل و سێ کەسیان سووتاند و کەسی چوارەمیشیان کوشتووە.
 
لە نزیک هەمان گوند و بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، دوو جووتیار کوژراون، لە کاتێکدا سەرقاڵی کارکردن بوون لە کێڵگەکەیاندا و چەندانی دیکەس لەسەردەستی ئەندامانی گرووپەکە رفێنراون.
 
لەسەرەتای 2009ەوە، زیاتر لە 36 هەزار کەس لە هێرشەکانی بۆکۆحەرامدا کوژراون، کە یاخیبوونی چەکداریی لە دژی حکومەتی وڵات لە باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریا راگەیاندووە. ئەو ناوچەیەی کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە دانیشتووانەکەی بەهۆی کارە تووندوتیژییەکانەوە، چۆڵیانکردووە.