لە باخچەیەکی ئاژەڵانی ئیسپانیا بۆ فێنکردنەوەیان ئایسکرێم دەدرێتە ئاژەڵان

 
رووداو دیجیتاڵ

باخچەیەکی ئاژەڵان لە شاری فوێنگۆریلا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا جیاواز لەوانی دیکە خۆراک پێشکێش بە ئاژەڵەکانی دەکات. 
 
خافێر تۆماس، سەرپەرشتیاری باخچە ئاژەڵان دەڵێت: "ئێمە لە میوەکان ئاسیکرێم بۆ ئاژەڵەکان دروست دەکەین. هەموو ئەو خۆراکانەی کە بۆ ئاژەڵەکان پێویستن بۆیان دابین دەکەین و بەگوێرەی جۆر و پێداوییستیان خۆراکیان بۆ دروست دەکەین".
 
هەموو ئەو خۆراکانەی کە لە باجچەکە پێشكێش بە ئاژەڵەکان دەکرێت بەشێوەیەی بەستوو پێیاندەدرێت. 
 
سەرپەرشتیارانی باخچەکە دەڵێن، ئامانجیان لەو کارە ئەوەیە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، جەستەی ئاژەڵەکان هەر بە فێنکی بهێڵنەوە. ئاژەڵەکانیش چێژی لێدەبینن. 
 
ئەنتۆنیۆ گاروخۆ، بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵان دەڵێت: "هەر ئایسکرێمێک بەگوێرەی ئاژەڵەکە و پێویستییان دروست دەکرێت. بە پێدانی ئایسکرێم بە ئاژەڵەکان دەتوانین کۆنتڕۆڵی پلەی گەرمی جەستەیان بکەین و وایانلێبکەین کە بەو ژینگەی باخچەکە ئاسوودە بن".
 
جگە لەوەی ئەو شێوازی خواردنپێدانە بووە بە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆ باخچەکە و خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن، پسپۆڕانیش دەڵێن، ئاژەڵەکان بە پێدانی خواردنی بەستوو هەست بە ئاسوودەییەکی زیاتر و تەندروستییەکی باشتر دەکەن.