رووداو دیجیتاڵ
مارینا و جۆزێ هاوژینی یەکدین و هەردووکیان نابینان. سەردانی مۆزەخانەیەکی مەدریدی پایتەختی ئیسپانیایان کردووە. دەیانەوێت تێبگەن کە شوێنەوارە میراتییە جیهانییەکان و ئەوانەی لەلایەن یونسکۆوە خراونەتە لیستی سەیروسەمەرەکانی جیهان، چۆن دروستکراون.
مارینا رۆخاس دەڵێت: "سوپاس بۆ ئەو مۆزەخانەیە کە یارمەتیمان دەدات لە شتەکان تێبگەین. دەتوانیت تەنیا بە دەستلێدان لە تەواوی شتەکانی جیهان تێبگەیت. راستییەکەی ئەوە شتێکی سەرنجراکێشە کە دەتوانیت لە کاتێکی کەمدا بەتەواوی جیهاندا بگەڕێیت".
مۆزەخانەکە لە ساڵی 1992ـەوە دروستکراوە و 37 مۆدێڵی شوێنەوارە ناسراوەکانی جیهانی تێدایە.
سەردانیکەرانی مۆزەخانەکە کە نابینان دەتوانن تەنیا بە دەستلێدان هەست بە وردەکاری و ئاڵۆزی شوێنەوارەکان بکەن و وێنەیەکی خەیاڵی لە مێشکی خۆیان دروست بکەن.
پەیکەری ئازادی نیویۆرک؛ هەڕەمەکانی میسر و شاکاری تاج مەحەل لەنێو ئەو مۆدێلانەن کە لە مۆزەخانەکە بۆ نابینایان نمایشکراون.
جۆزێ پێدرۆ گۆنزالێز نابینایە و دەڵێت: "کە هاتییە ئێرە ئینجا هەست دەکەیت کە دەتوانیت خەیاڵ بکەیت کە شتەکانی جیهان چۆنن. هەستێکی خۆشە کە کەسانی نابینا دەتوانن بە دەستییان بە کولتوور و هونەری جیهان بگات".
بەرپرسانی مۆزەخانەکە دەڵێن، پلانیان وایە لە داهاتوودا مۆدێلی زیاتری شوێنەوار و شوێنە بەناوبانگەکانی جیهان لە مۆزەخانەکە نمایش بکەن و بەڵێندەدەن کە کار لەسەر فراوانکردنی مۆزەخانەکە بکەن بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بەبێ گوێدانە توانای بینین چێژ لە شوێنەوار و کارە هونەرییە جیهانییەکان وەربگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ