دۆڵچێ ئاند گەبانا بۆنێک بۆ سەگ دروست دەکات کە نرخەکەی 110 دۆلارە

رووداو دیجیتاڵ 

دۆڵچێ ئاند گەبانا، براندی بەنێوبانگی ئیتاڵی بۆنێکی نوێی خستووەتە نێو بازاڕەکانەوە، کە بۆ سەگ بەکاردێت. 
 
بۆنەکە ناوی لێنراوە فیفە، کە ناوی سەگەکەی دۆمینیک دۆڵچێ، یەکێک لە دامەزرێنەران و دیزایینەرانی کۆمپانیای دۆڵچێ ئاند گەبانایە.
 
بۆنەکە لەلایەن پزیشکانی ڤیتێرنەرییەوە پەسند کراوە و مۆڵەتی فەرمیی پێدراوە.
 
فێدریکۆ کۆجێریا، پزیشکی ڤیتنەری لەبارەی هەستی بۆنکردن لای سەگ دەڵێ "بۆنکردن، هەستێکی سەرەکییە لای سەگ، ئەوان بە بۆن یەکتر دەناسنەوە، کەسەکانیش هەر بە بۆن دەناسنەوە. کاتێک سەگێک دێت بۆ لات و کلکی دەلەقێنێت، سەرەتا بۆنت دەکات و بۆنەکەت دەناسێتەوە."
 
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی کۆمپانیاکە، زۆربەی ئەو کەسانەی لە ماڵەوە سەگیان هەیە، پێشوازی لە بەکارهێنانی بۆن بۆ ئاژەڵە ماڵییەکەیان دەکەن، بەڵام هەندێ کەسیش دژی بەکارهێنانین.
 
ئالیف ریلۆڤا، لە ئارایشگەی سەگ کاردەکات و دەڵێ "من، بەتەواوەتی لایەنگری ئەوەم بۆن بۆ سەگ دروستبکرێت. سەگەکان لەگەڵ ئێمەدا دەژین. لەبەرئەوە سەگێگ کە لە تەنیشتت دانیشتووە، گرنگە بۆنی خۆشی لێبێت."
 
بەپێچەوانەی بیروڕاکەی ریلۆڤا، فرانسیسکا کاستێلی کە خاوەنی سەگە دەڵێ "پێموانییە سەگەکان پێیانخۆش بێت بۆنیان لێ بدەی. بەتایبەتی ئەو بۆنانەی براندەکان دروستیان کردووە. ئەمە گەورەکردنی لە رادەبەدەری شتەکانە و کارێکی نەرێنییە لەبەرئەوەی شێوازێکی مرۆڤانە دەداتە سەگەکان."
 
کۆمپانیای دۆڵچێ ئاند گەبانا، نرخی بوتڵێکی 100 میلیلیتری بۆنەکەی بە 110 دۆلار دەفرۆشێت.
 
دۆڵچێ ئاند گەبانا، یەکەم براندی فاشن نییە بۆنی بۆ سەگ دروستکردووە. پێشتر براندی بێربێری، بۆنێکی بۆ هەمان مەبەست دروستکردبوو کە بە 350 دۆلار دەیفرۆشێت.