رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەمەندەکان چێژ لە یارییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس دەببینن و هەژارەکانیش سوود.
لە گوندی ئۆڵیمپیاد لە پاریس خواردن بۆ هەڵبژاردە بەشداربووەکانی پاڵەوانیێتییەکە ئامادەدەکرێت و ئەو خواردنەی دەمێنتەوە، دەبرێتە کۆگەکانی سەر بە بانکی خۆراک.
ئەو خۆراکە فرێشانەی بەسەر بەشداربووانی ئۆڵیمپیاد دابەش نەکراون، لە کۆگەکانی سەر بە بانکی خۆراکەوە بەسەر ئەو چێشتخانە، رێکخراو و بازاڕانەدا دابەش دەکرێن، کە بە نرخێکی زۆر کەمتر لە بازاڕ بە هەژارانی دەفرۆشن، یان بێ بەرامبەر دابەش دەکرێت.
نیکۆلاس دوبۆیس، بەڕێوەبەری یەکێک لە کۆگەکانی بانکی خۆراک لە پاریس دەڵێ "لێرە، سێومان هەیە کە لەتکراوە. چەند قاپێک سەڵاتەمان هەیە. ئەمانە بۆ ئەو رێکخراو و چێشتخانانەن کە هاوکاریی خەڵک دەکەن. هەروەها، چەند خواردنێکی ئامادەکراومان هەیە کە دەتواندرێت ببردرێن و لە مایکرۆوەیڤدا گەرمبکرێنەوە."
نزیکەی 100 خۆبەخش بەشدارییان لە کۆکردنەوەی ئەو خۆراکانەدا کردووە.
بەگوێرەی سەرپەرشتیاران، لە سەرەتای ئۆڵیمپیادەوە 30 تۆن خۆراک لە گوندی ئۆڵیمپیادەوە کۆکراوەتەوە.
ئیدوایش تۆولیۆ، خۆبەخشێکە لە بانکی خۆراک و دەڵێ "ئەو بەرهەمە فرێشانە جیادەکەینەوە کە لە یارییەکانی ئۆڵیمپیادەوە کۆمانکردوونەتەوە. بۆکسی جیاوازمان بۆ بەرهەمەکانی وەکو ماسی و گۆشت هەیە. بەشێکیان خواردنی ئامادەکراون، بەشێکی دیکەشیان کەرە، هێلکە، پەنیر و ماستن."
ئەمە یارمەتییەکی باشی هەژاران دەدات. بەگوێرەی رێکخراوی مسینگ لینکی فەرەنسی بۆ هاوکاریکردنی هەژاران، لە کۆی 68 ملیۆن هاووڵاتی، 10 ملیۆنیان خۆراکی پێویستیان دەستناکەوێت.
شانتال دیاکۆمبۆکا، کڕیار لەبارەی ئەو خۆراکەوە دەڵێ "ئەمە زۆر باشە. بەڵێ، ئەمە زۆر باشە و پێویستیمان بە هاوکارییە. ئەمە باشە بۆ ئێمە چونکە پارەی زۆرمان دەستناکەوێت."
یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ئەو پرۆژەیە؛ کەمکردنەوەی پاشماوەی خۆراکە. بەگوێرەی میسنگ لینک، ساڵانە وڵاتەکە 10 ملیۆن تۆن پاشماوەی خۆراکی هەیە، کە هۆکارێکە بۆ زیادبوونی گازە گەرمکەرەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ