رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی کاتەلۆنیا ئەمڕۆ سەرۆکێکی نوێ بۆ هەرێمەکە هەڵبژێرێت، بەڵام لە ئەگەری گەڕاندنەوەی سەرۆکی پێشووی هەرێمەکە بۆ ئیسپانیا و بەشداریکردنی لە دانیشتنەکە، رەنگە پرۆسەکە رووبەڕووی کێشە ببێتەوە.
کارلس پۆچیمۆنت لە ساڵی 2017 سەرکردایەتی گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمەکەی کرد و دوو ساڵیش سەرۆکی ئەو هەرێمە بووە، لەساڵی 2017ـوە لە دەرەوەی ئیسپانیا دەژی و رەنگە بە گەڕانەوەشی بۆ ئەو وڵاتە دەستگیر بکرێت، چونکە بڕیاری دەستگیرکردنی هەیە.
تائێستا، دیارنییە چۆن پۆچیمۆنت دەگەڕێتەوە ئیسپانیا و هێزە ئەمنییەکان رێگەی پێدەدەن لە فڕۆکەخانەوە بچێتە پەرلەمانی کاتەلۆنیا و بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات یان نا.
پەرلەمانتارانی پارتی پێکەوەی کاتەلۆنیا کە لەلایەن پۆچیمۆنتەوە لە 18ـی تەممووزی 2020 دامەزرێندرا و داوای سەربەخۆیی بۆ هەرێمی کاتەلۆنیا دەکات، بەشداری دانیشتنەکە دەکەن، بەڵام جۆردی توروڵ، سکرتێری گشتیی پارتەکە رایگەیاند لە ئەگەری دەستگیرکردنی پۆچیمۆنت، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ هەرێمەکە رادەگیرێت.
هەروەها ئەو بەرپرسەی کەتەلۆنیا دەڵێ "ئەو پرۆسەیە نابێت بێ پۆچیمۆنت و لە دۆخێکی نائاساییدا بەڕێوەبچێت."
بەگوێرەی زانیارییەکان؛ سیلڤادۆر ئیلا، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کاتەلۆنی، کە دژە سەربەخۆیی هەرێمەکەیە، بەربژێری سەرەکییە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، ئێلا سەر بە هەمان پارتی پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیایە.
هەرچەندە سەربەخۆخوازەکان دژی دانانی سیلڤادۆر ئیلا-ن، بەڵام هەفتەیەک لەمەوبەر، سۆسیالیستەکان لەگەڵ پارتی کۆمارییەکانی کاتەلۆنیای چەپڕۆ سەربەخۆخواز رێککەوتن بۆ پشتگیریی لە ئیلا.
لە ئایاری ئەمساڵ، پەرلەمانی ئیسپانیا یاسای لێبووردنی گشتیی پەسندکرد و بەو یاساییەش لێبووردنی گشتی بۆ زۆربەی سەرکردە سەربەخۆخوازەکانی کاتەلۆنیا دەرچوو، بەڵام بڕیارەکە پۆچیمۆنت و دوو سەرکردەی دیکەی کاتەلۆنییەکانی نەگرتەوە، چونکە ئەو سێ بەرپرسە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵییان لەسەرە و یاسا نوێیەکەش، کەیسی گەندەڵی ناگرێتەوە.
کەسەکانی نزیک لە پۆچیمۆنت کە حەوت ساڵە لە بەلجیکا و باشووری فەرەنسا دەژی، وەکو ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپاش کاری کردووە، بە میدیاکانیان راگەیاندووە، سەرۆکی پێشووی کاتەلۆنیا سوورە لەسەر ئەوەی بگەڕێتەوە ئیسپانیا، سەرەڕای ئەوەی دڵنیاشە بە گەڕانەوەی راستەوخۆ دەستگیر دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ