رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەدات و دەڵێت، ترسی هەیە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بە ئەنجامەکە رازی بێت.
رۆژی پێنجشەممە، بایدن لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی رایگەیاند: "ترەمپ بڕوای بە دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات نییە."
بایدنی تەمەن 81 ساڵ کە مانگی رابردوو لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی لە دژی ترەمپ بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کشایەوە و کامالا هاریسی جێگری شوێنی گرتەوە، رایگەیاند دەبێت لێدوانەکانی ترەمپی بەربژێری پارتی کۆمارییەکان لەکاتی هەڵمەتەکاندا کە باس لەوە دەکات "دۆڕاندن قبووڵ ناکات، بە جیدی وەربگیرێن."
بایدن گوتی: "ئەگەر ترەمپ دۆڕا، زۆر دڵنیانیم ئەنجامەکە قبووڵ بکات. هەرچەندە ئێمە بەجدی وەریناگرین، بەڵام ئەو کاتێک قسەیەک دەکات بە مەبەست دەیکات، بەتایبەتی کاتێک باسی ئەوەی کرد ئەگەر دۆڕا، گۆڕەپانی خوێن دروست دەبێت."
لەکاتی بانگەشەکانی پێش ئەوەی بکشێتەوە، بایدن هەمیشە باسی لە رووداوەکانی سەرەتایی 2021ـی دەکرد، کاتێک لایەنگرانی ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ساڵی 2020 و سەرکەوتنی بایدن بەسەر ترەمپدا.
هەرچەندە کۆمارییەکان خۆیان بەدوورگرتووە لەو قسەیەی ترەمپ کاتێک لە سەرەتای ئەم ساڵ رایگەیاند "ئەگەر بدۆڕێت، گۆڕەپانی خوێن دروست دەبێت"، بەڵام ترەمپ تائێستا نەیشاردووەتەوە، ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا کراوە و دیموکرات و بایدن تۆمەتبار دەکات بەوەی "هەڵبژاردنەکەیان دزیوە".
لەبارەی تۆمەتەکانی ترەمپ و قبووڵنەکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی 5ـی نۆڤێمبەری ئەم ساڵ، بایدن دەڵێت "نابێت تەنیا کە هەڵبژاردنەکانت بردەوە، وڵاتەکەتت خۆشبوێت."
بایدن هەمیشە لە قسەکانیدا، ترەمپ تۆمەتبار دەکات بەوەی مەترسییە بۆ سەر دیموکراسییەکەی ئەمریکا و کامالا هاریسی جێگرەوەشی هەمان دروشمی دووبارە کردووەتەوە.
بەگوێرەی نوێترین راپرسی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئەگەر ئێستا بەڕێوەبچێت، هاریس بە خاڵێک لەپێش ترەمپەوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ