سی ئای ئەی سەرنجی خۆی لە "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"ەوە بۆ سەر چین دەگۆڕێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی ساڵێک بەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان  تێدەپەڕێت. بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، واشنتن دەیەوێت سەرنجی خۆی لەسەر "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" وەکو خۆیان ناوی دەبەن، بگوازێتەوە بۆ سەر رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی زەبەلاحی ئابووری، سەربازی و سیاسیی چین، بۆ ئەو مەبەستەش، سی ئای ئەی و دەزگا هەواڵگرییەکانی دیکە راسپێردراون خۆیان فێری چینی بکەن و ناوەندی نوێی تایبەت بە چاودێریکردنی جموجوڵی چین بکەنەوە و سەرچاوە و هەوڵی زیاتری بۆ تەرخان بکەن. 
 
چین وەک کاری هەرە لەپێشینەی سی ئای ئەی
 
لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ سەرکردەکانی ناوەندی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"ی ئاژانسەکە، بەرپرسی ژمارە دووی سی ئای ئەی بە روونی ئەوەی خستووەتەڕوو کە بەرەنگاربوونەوەی قاعیدە و گرووپە پەڕگیرەکانی دیکە وەک کارێکی لە پێشینە دەمێنێتەوە، بەڵام لەمەودوا پارە و سەرچاوەکانی ئاژانسەکە زیاتر بۆ چاودێریکردنی چین بەکاردەهێنرێن.
 
دوای ساڵێک لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەفغانستان، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە کەمتر باس لە "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دەکەن و زیاتر باس لە هەڕەشە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانی چین و رووسیا دەکەن.
 
لەنێو دەزگا هەواڵگرییەکاندا بەرەیەکی نوێ دروستبووە و لەم کاتەدا سەتان ئەفسەر دەگوازرێنەوە بۆ ئەو پۆستانەی کە سەرنجیان لەسەر چینە، کە بەشێکیان پێشتر کاریان لەسەر "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دەکرد.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی هەواڵگری جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەستەمە شەڕی دژی "تیرۆر" پشتگوێبخرێت. تەنیا هەفتەیەک لەمەوبەر هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سی ئای ئەی بووە هۆی کوژرانی ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی قاعیدە لە کابوول. بەڵام چەند رۆژێک دواتر چین مانۆڕی سەربازی بەرفراوانی کرد و هەڕەشەی پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا کرد، ئەوەش وەکو کاردانەوەیەک لە بەرامبەر سەردانەکەی نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان. 
 
دەیڤید کۆهین، جێگری بەڕێوەبەری سی ئای ئەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە کۆبوونەوە داخراوەکەدا گوتبووی، کاری لەپێشینەی ئاژانسەکە هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن و بەرپەرچدانەوەی پەکین.
 
ئەمریکا لە مێژەوە بەهۆی پەرەسەندنی خواستە سیاسی و ئابوورییەکانی چینەوە کەوتووەتە خۆی و ئامادەکاری دەکات. بە گوێرەی بەرپرسانی ئەمریکی، چین هەوڵیداوە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی وڵاتانی دیکە دروستبکات، هەڵمەتی سیخوڕیی ئەلیکترۆنی دەستپێکردووە و ملیۆنان موسڵمانی ئیگۆری لە کەمپەکاندا دەستبەسەر کردووە. هەروەها واشنتن نیگەرانیی ئەوەیە پەکین لە ساڵانی داهاتوودا هەوڵ بدات بە زۆر دەست بەسەر دوورگەی دیموکراسیی خۆبەڕێوەبەری تایواندا بگرێت.
 
تەرخانکردنی سەرچاوەکانی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" بۆ رووبەڕووبوونەوەی چین
 
بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا رایانگەیاندووە پێویستیان بە تێگەیشتنی زیاترە لەسەر چین، لەوانە دوای ئەوەی نەیانتوانی بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە هۆکاری پەتای کۆرۆنا دەستنیشان بکەن. پەكین تۆمەتبار دەكرێت بە شاردنەوەی زانیاری لەسەر سەرچاوەی ڤایرۆسەکە.
 
شەڕی ئۆکرانیا جەختی لەسەر گرنگیی رووسیا وەک ئامانج کردووەتەوە. ئەمریکا پەردەی لەسەر زانیارییە نهێنییەکان هەڵدایەوە بۆ ئاشکراکردنی پلانەکانی رووسیا و کۆکردنەوەی پشتیوانی دیپلۆماسی بۆ کیێڤ.
 
لایەنگرانی ئیدارەی بایدن ئاماژە بەوە دەکەن کە توانای ئەمریکا بۆ شوێنکەوتن و کوشتنی زەواهیری، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا هێشتا توانای هەیە هەڕەشەکان لە ئەفغانستان و ناوچەکانی دیکە بدۆزێتەوە و لەنێویان ببات. رەخنەگرانیش دەڵێن، ژیان و مانەوەی زەواهیری لە کابوول، لە ژێر پاراستنی تاڵیباندا، ئەوە پیشان دەدات کە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی گرووپە پەڕگیرەکان هەیە کە ئەمریکا وەکو پێویست توانای بەرپەرچدانەوەیانی نییە. 
 
گۆڕینی پلەبەندیی کارە لەپێشینەکان، لەلایەن بەشێکی زۆری ئەفسەرانی پێشووی هەواڵگری و یاسادانەرانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەوە پشتگیری دەکرێت. ئەوانەی کە لە نێو ئەو کۆمەڵە کەسانەدان، بەشێکیان ئەوانەن کە لە ئەفغانستان و ئەرکەکانی دیکەی دژی قاعیدە و گرووپە پەڕگیرەکانی دیکە خزمەتیان کردووە و پێیانوایە دەبوو لەمێژەوە کارە لەپێشینەکان بگۆڕێن.
 
جەیسن کرۆو، فەرماندەی پێشووی سوپای ئەمریکا کە لە ئەفغانستان و عێراق خزمەتی کردووە، دەڵێت، پێیوایە ئەمریکا لە چەند ساڵی رابردوودا زیاد لە پێویست سەرنجی خستووەتە سەر "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".
 
کرۆو، کە دیموکراتێکی کۆلۆرادۆیە و لە لیژنەکانی هەواڵگری و خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا کاردەکات، دەڵێت: "مەترسییەکی زۆر لەوە گەورەتر هەیە کە ئەویش رووسیا و چینن". گوتیشی گرووپە پەڕگیرەکان "شێوازی ژیانی ئەمریکا لەناو نابەن بەو شێوەیەی کە چین دەتوانێت."
 
تامی تۆرپ، گوتەبێژی سی ئای ئەی ئاماژەی بەوە کردووە کە "تیرۆر تائێستاش ئاڵنگارییێکی راستەقینەیە."
 
تۆرپ دەڵێت: "تەنانەت لە کاتێکدا قەیرانەکانی وەک لەشکرکێشیی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و ئاڵنگاریی ستراتیژی وەک ئەوەی کە چین دروستی دەکات پێویستیان بە سەرنجی ئێمەیە، سی ئای ئەی بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی چڕ لە هەڕەشە تیرۆریستییەکان و بۆ بەرەنگاربوونەوەیان لەسەر ئاستی جیهان لەگەڵ هاوبەشەکانی کاردەکات."
 
کۆنگرێس گوشاری خستووەتە سەر سی ئای ئەی و دەزگا هەواڵگرییەکانی دیکە بۆ ئەوەی چاودێریکردنی چین بکەنە کاری هەرە لەپێشینەیان، ئەوە بە گوێرەی چەند کەسێکی ئاگادار لەو بابەتە، کە بە مەرجی ئەوەی ناویان نەهێنرێت قسەیان کردووە. بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ چاودێریکردنی چین، پێویستی بە بڕینی لە شوێنەکانی دیکە هەبووە، لەنێویاندا لە بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر". ئاماری تایبەت لەوبارەیەوە لەبەردەستدا نییە، چونکە بودجەی هەواڵگری بە نهێنی دەهێڵدرێتەوە.
 
یاسادانەران بە تایبەتی، داوات زانیاری زیاتر دەکەن سەبارەت بە گەشەسەندنی چین لە بواری تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکاندا. لە سەردەمی سەرۆک شی جینپینگدا چین بە بڕی یەک ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنانی لە زانستی کوانتەم و ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای دیکەدا کردووە، کە ئەگەری ئەوەیان هەیە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی جەنگەکانی داهاتوو و پێکهاتنی ئابوورییەکان بگۆڕن.
 
کەسێک کە ئاگاداری ئەو بابەتەیە گوتی، وەک بەشێک لەم گۆڕانکارییە، لیژنەکانی کۆنگرێس هەوڵدەدەن باشتر بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی خەرجکردنی بودجەی دەزگا هەواڵگرییەکان بۆ چاودێریکردنی چین بکەن و بەدوای وردەکاریی زیاتردا دەگەڕێن سەبارەت بەوەی کە چۆن لە رێگەی بەرنامە و هەڵمەتی تایبتەوە باشتر ئەو کارە بکەن.
 
کریس ستیوارت، نوێنەری کۆمارییەکانی ویلایەتی یوتا کە لە لیژنەی هەواڵگریی ئەنجوومەنی نوێنەراندا خزمەت دەکات، دەڵێت: "ئێمە دواکەوتووین، بەڵام هێشتاش هەر باشە کە دواجار سەرنجمان دەگۆڕین بۆ سەر ئەو ناوچەیە." ئاماژە بەوەش دەکات کە سەرنج گۆڕینەکە هێزی کار، سەرچاوەکان، سەروەتی سەربازی و دیپلۆماسیش دەگرێتەوە. 
 
بەرپرسانی سی ئای ئەی خۆیان فێری زمانی چینی دەکەن
 
سی ئای ئەی ساڵی رابردوو رایگەیاند کە دوو ناوەندیی نوێ دروست دەکات، یەکێکیان بۆ چاودێریکردنی چین، ئەوەی دیکەشیان لەسەر تەکنەلۆژیا نوێیەکان. ئەوەش بۆ باشترکردنی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری لەسەر ئەو پرسانە. هەروەها سی ئای ئەی هەوڵدەدات زیاتر ئەو کەسانە وەربگرێت کە بە زمانی چینی قسە دەکەن و کاتی چاوەڕوانیی بەدەستهێنانی ئەستۆپاکیی ئەمنی کەمبکاتەوە بۆ ئەوەی خێراتر کەسانی نوێ دابمەزرێنرێن.
 
لە نێو ئاژانسەکەدا،  بەشێكی زۆری ئەفسەرەکان سەرقاڵی فێربوونی زمانی چینین و بۆ ئەوەی کە دواتر پۆستی نوێ وەربگرن کە سەرنجیان لەسەر چینە، وێڕای ئەوەی کە هەموو ئەو کارانە پێویستیان بە راهێنانی زمان نییە.
 
بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن ئەفسەرانی هەواڵگری لەسەر خۆگونجاندن لەگەڵ ئاڵنگارییە نوێیەکان راهێنراون و زۆربەیان دوای رووداوەکانی 11ی ئەیلوولی 2001، بە خرایی گوێزرابوونەوە بۆ پۆستی نوێی رووبەڕووبوونەوەی "تیرۆر". ئەفسەرانی پێشوو دەڵێن، بەرەوپێشچووون لە کاری "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا" لەوانەش بەکارهێنانی داتا و سەرچاوە جیاوازەکانی هەواڵگری بۆ دروستکردنی تۆڕ و دیاریکردنی ئامانجەکان، لە بەرەنگاربوونەوەی رووسیا و چینیشدا سوودیان دەبێت.
 
دۆگلاس وایز، ئەفسەری باڵای پێشووی سی ئای ئەی کە جێگری سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" بووە، دەڵێت، تواناکانی ئاژانسەکە بۆ شیکارکردنی داتاکان و دیاریکردنی ئامانجەکان، گەیشتووەتە ئاستێکی "نائاسایی"، یاخود زۆر باش. 
 
ناوەندی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"ی سی ئای ئەی هێشتا لە لایەن بەشێکی زۆری ئەمریکییەکانەوە شانازیی پێوە دەکرێت کە پێیانوایە ئەو دەزگایە توانیویەتی لە دوای رووداوەکانی 11ی ئەیلوولەوە ئەمریکییەکان لە هەڕەشەی "تیرۆر" بپارێزێت. ئەفسەرانی سی ئای ئەی لە 26ی ئەیلوولی 2001 لە ئەفغانستان نیشتنەوە. ئەوان بەشێک بوون لە ئۆپەراسیۆنەکانی قەڵاچۆکردنی تاڵیبان و دۆزینەوە و کوشتنی سەرکردەکانی قاعیدە، لەنێویاندا ئوسامە بن لادن.
 
13 ساڵ دوای ئەوەی کە سیخوڕێکی قاعیدە فێڵی لە ئەفسەرانی راوەدوونانی زەواهیری کرد و بە تەقینەوەیەکی خۆکوژیی حەوت کارمەندی ئاژانسەکەی کوشت، سی ئای ئەی کۆتایی مانگی رابردوو لە هێرشێکدا زەواهیری کوشت.
 
سی ئای ئەی لە هەندێک لە شوومترین ساتەکانی شەڕی دژی "تیرۆردا" تێوەگلاوە. ئاژانسەکە ژمارەیەک زیندانی نهێنی هەبوو کە بە "شوێنی رەش" ناودەبران و بۆ دەستبەسەرکردنی گومانلێکراوەکانی "تیرۆر"، کە هەندێکیان بە هەڵە دەستگیرکرابوون. لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجوومەنی پیراندا ئاشکراکرا کە ئەو شێوازەی سی ئای ئەی بۆ لێپێچینەوە لەو تۆمەتبارانە بەکاریهێناوە، دەچێتە خانەی ئەشکەنجەدانەوە. هەروەها ئەندامانی یەکینەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئەفغانستان کە لەلایەن سی ئای ئەیەوە راهێنانیان پێ کرابوو، بە کوشتنی خەڵکی سڤیل و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان تۆمەتبارکراون.
 
لە مێژە مشتومڕ لەسەر ئەوە دروستبووە کە ئایا "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دەزگا هەواڵگرییەکانی لە شێوازی کۆنی سیخوڕیکردن دوورخستەوە یان ئایا هەندێک لە کارەکانی سی ئای ئەی لە بە ئامانجگرتنی "تیرۆریستان" لەبری ئەوە دەبێ لەلایەن هێزە تایبەتەکانی سەربازییەوە ئەنجام بکرێن یان نا.
 
مارک پۆلیمیرۆپۆلۆس، ئەفسەری خانەنشینکراوی ئۆپەراسیۆنەکانی سی ئای ئەی و بەرپرسی پێشووی بنکەی هێزەکانی ئەمریکایە لە ئەفغانستان. دەڵێت پشتگیری لە زیاتر گرنگیدان بە چین و رووسیا دەکات، بەڵام باس لەوەش دەکات کە "هیچ هۆکارێک نییە بۆ کەمکردنەوە"ی ئەو کارەی کە لە رابردوودا کردوویانە.
 
دەشڵێت، ئەوانەی کە پێیانوایە هەموو ئەو کارانەی سی ئای ئەی کردوونیەتی هەڵە بوون، یان "چاوی لە سەر تۆپەکە نەماوە"، پێویستە بیر لەو هەستە بکەنەوە کە خەڵکی ئەمریکا لە 12ی ئەیلوولی 2001 هەیبوو. 
 
وایز دەڵێت، دووبارە ئاراستەکردنەوەی دەزگاکان بەرەو زیاتر گرنگیدان بە چین و رووسیا، ساڵانێکی زۆری دەوێت و پێویستی بە ئارامگرییە، چونکە گۆڕینی کولتووری دەزگاکە کاتێکی زۆر دەخایێنێت.
 
وایز هەروەها دەڵێت، "چەندین دەیەیە، کاری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکەین. دەبێت پلانێکی ژیرانەمان هەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەم گونجاندنە، بە جۆرێک ئەوەندە کات ناخایەنێت کە دوژمنەکانمان بتوانن پرۆسەکە لە بەرژوەندیی خۆیاندا بقۆزنەوە."