بایدن پێشوازی لە راگەیاندنی ئاگربەستی غەززە دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین دەکات و هانی هەموو لایەک دەدات بەتەواوەتی ئاگربەستەکە جێبەجێ بکەن. 
 
دوای ئەوەی شەوی رابردوو کاژێر 23:30 خوولەک ئاگربەستی نێوان بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی و سوپای ئیسرائیل بەنێوەندگیریی میسر چووە واری جێبەجێکردنەوە. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی هەریەکە لە ئیسرائیل، فەلەستین و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کاریکردووە بۆ ئەوەی "هانی چارەسەرێکی خێرای ئەو گرژییانە بدەن" کە لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا روویاندا. 
 
بایدن لەو بارەیەوە دەڵێت، داوایان لە هەموو لایەنێک کردووە بۆ ئەوەی وەکو خۆی ئاگربەستەکە جێبەجێ بکەن و دڵنیایی بدەن لەوەی سووتەمەنی و کەلوپەلی دیکەی مرۆیی دەگوازرێتەوە نێو کەرتی غەززە و شەڕیش رادەگیرێت. 
 
لە گرژییەکانی سێ رۆژی رابردوودا لەنێوان کەرتی غەززە و ئیسرائیل، بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لانیکەم 44 فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە کە 15 یان منداڵ بوون. هاوکات 311 کەسی دیکەش برینداربوون. لەو بارەشەوە، بایدن گوتی "ژمارەی کوژراوانی خەڵکی سڤیل لە غەززە تراژیدییە".
 
شەڕەکە رۆژی هەینی دەستیپێکرد کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل یەکەیەکی نیشتەجێبوونیان لە کەرتی غەززە بۆردوومان کرد، کە لە ئەنجامدا 10 کەس کوژران، لەنێویاندا منداڵێکی 5 ساڵان. 
 
سوپای ئیسرائیل گوتی لەو هێرشەدا سەرکردەیەکی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامییان بە ئامانجکردووە. بزووتنەوە فەلەستینییەکە کوژرانی سەرکردەکەی پشتڕاستکردەوە و لە تۆڵەی هێرشەکەدا، دەستی بە مووشەکبارانکردنی ناوچە ئیسرائیلییەکان کرد و لانیکەم 120 مووشەکیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد. دواتریش فڕۆکەکانی لایەنی بەرامبەریش بۆردوومانەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە فراوانکرد.