سەرۆكوەزیرانی فەلەستین بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش: زیاتر لە سەرکۆنەمان دەوێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای شەڕێکی سێ رۆژە کە کوژران و برینداربوونێکی زۆری لێکەوتەوە، ئیسرائیل و بزووتنەوەی سەرایا قودسی باڵی سەربازی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی رێککەوتن ئاگربەستی شەڕ رابگەیێنن. 
 
ئاگربەستەکە شەوی یەکشەممە کاژێر 11:30 خولەک بە نێوەندگیری میسر چووە واری جێبەجێکردنەوە. سەرۆکوەزیرانی فەلەستینیش داوای بەدەنگەوە هاتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات. 
 
محەممەد ئشتییە، سەرۆكوەزیرانی فەلەستین رایگەیاند، "ئەوەی لە ئەنجوومەنی ئاسایش داوا دەکرێت، بڕیارێکی جیددی و جێبەجێکراوە بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ گەلی فەلەستین. ئێمە زیاتر لە سەرکۆنەکردن ئەمەمان لە دامەزراوەکە دەوێت. ئێمە دەڵێین: بەسە بە دووفاقی و سیاسەتی دووفاقی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی مافی مرۆڤ و قەیران و ململانێ نێودەوڵەتییەکان." 
 
لە شاری ئەشقەڵۆنی باشووری ئیسرائیل، مووشەکێک کەوتووەتە خوارەوە و زیانی بە چەند ئۆتۆمبێل و باڵەخانەیەک گەیاندووە. ئیسرائیلیەکانیش بۆ قوربانییەکانی غەززە و زەرەو زیانەکانی ئیسرائیل، سەرکردایەتی جیهادی ئیسلامی تۆمەتبار دەکەن.
 
بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، "سەرکردایەتی جیهادی ئیسلامی کە لە دەرەوەی وڵات لە چێشتخانە و هۆتێلەکانی تاران و سوریا و لوبنان دانیشتوون، پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکدا پچڕاوە و زیانێکی گەورە بە ژیان و بژێوی خەڵکی غەززە دەگەیێنن. ئەوان باجەکەی دەدەن. سوپای پاسدارانی ئێران نانی خەڵکی غەززە نادات. چالاکی و ئۆپەراسیۆنەکانمان لە دژی ئەنجامدەرانی تیرۆر بەردەوام دەبێت و چڕتر دەبێتەوە بەبێ سنوور و سنووردارکردن." 
 
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە؛ 41 کەس کوژراون لەنێویاندا 15 منداڵ و چوار ژن هەن؛ 311 کەسیش بریندارن. لە کاردانەوەدا لە کەرتی غەززەوە 935 مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کراون.
 
دوای ئەوەی ژمارەی قوربانییەکان بەردەوام هەڵکشان، پێشبینی دەکرێت رۆژێک دوای ئاگربەستەکە دۆخەکە هێور ببێتەوە.