سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا: بە مەبەستی وەستاندنی جەنگی ئۆکراینا سەردانی چینم کردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا بە مەبەستی جێبەجێکردنی "پلانی ئاشتیی نێوان رووسیا و ئۆکراینا" سەردانی چینی کرد و رایگەیاند: "دەستەبەرکردنی ئاشتی لە برۆکسلەوە ناکرێت. چین هێزێکی کاریگەری رەخساندنی ئەو هەلومەرجەیە".
رۆژی دووشەممە، 08-07-2024، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا بە سەردانێکی لەناکاو گەیشتە پەکینی پایتەختی چین. ئۆربان لەگەڵ گەیشتنی بە چین لە ئێکس رایگەیاند: "بۆ جێبەجێکردنی قۆناخی سێیەمی پلانی ئاشتیی ئۆکراینا و رووسیا لە چینم."
ئۆربان لە یەکەم دیداریدا چاوی بە شی جینپینگ، سەرۆکی چین کەوت.
ئەو پلانەی ئۆربان باسی دەکات نە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا و نە لەلایەن ئۆکرایناوە باسی لێنەکراوە. ئۆربان گوتی: "ئاشتیی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بە قسەکردن لەسەر کورسییەکانی برۆکسلەوە بەدی نایەت."
سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا لە ئێکس بڵاویکردەوە: "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دۆخێک بڕەخسێنن کە گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی نێوان دوو لایەنەکە [ئۆکراینا و رووسیا] بەردەوام بێت. لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە کە بەزووترین کات ئاگربەست رابگەیێندرێت."
لەبارەی هۆکاری سەردانەکەی بۆ چین، ئۆربان رایگەیاند: "چین هێزێکی گرنگە لە رەخساندنی هەلومەرجی ئاشتیی نێوان رووسیا و ئۆکراینا."
وەزارەتی دەرەوەی چینیش لەبارەی ئەو سەردانە بڵاویکردەوە: "سەرۆکوەزیران ئۆربان و سەرۆک شی، لەبارەی پەیوەندییە قووڵەکان و بەرژەوەندییە دوو قۆڵییەکان کۆبوونەوە."
رۆژی 05ـی تەممووز، ڤیکتۆر ئۆربان سەردانی رووسیای کرد و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە. ئەوکات پووتین بە ئۆربانی راگەیاند: "دەبێت ئۆکراینا هێزەکانی خۆی لەو ناوچانە بکشێنێتەوە کە رووسیا بەخۆیەوە لکاندوونی." پووتین هەروەها رەخنەی لە ئۆکراینا گرت و گوتی، "ئەوان ئاشتییان ناوێت، ئەگەرنا ئێمە ئاماەین بۆ گفتوگۆ".
سەردانەکەی ئۆربان بۆ رووسیا بووە مایەی تووڕەیی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا. ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند: "تەنیا یەکگرتوویی هەر 27 ئەندامەکەی یەکێتییەکەمان دەتوانێت ئاشتییەکی دادپەرەرانە و هەمیشەیی لە ئۆکراینا دەستەبەر بکات".
ئەو سەردانەی ئۆربان بۆ چین لە کاتێکدایە، رۆژی 09-07-2024 تاوەکو 11ـی تەممووز، لووتکەی ناتۆ لە واشنتن بەڕێوەدەچێت و یەکێک لە تەوەرەکان پرسی ئۆکراینایە.