زیلینسکی: رووسیا نەخۆشخانەیەکی منداڵانی بۆردوومان کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، رووسیا بە نزیکەی 40 مووشەک هێرشی کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە ژمارەیەک شاری ئۆکراینا، لەوانەش نەخۆشخانەیەکی منداڵان لە کیێڤ. تاوەکو ئێستا تەرمی 20 کەس دۆزراونەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 08-07-2024 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند "تیرۆریستانی رووسیا جارێکی دیکە بە تووندی هێرشیان کردە سەر ئۆکراینا."
بە گوتەی سەرۆکی ئۆکراینا، بە 40 مووشەک لە جۆری جیاواز هێرشکراوەتە سەر هەریەک لە شارەکانی کیێڤ، دنیپرۆ، کیریڤ ریگ، سلۆڤیانسک و کراماتۆرسک.
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند "لە هێرشەکەدا نەخۆشخانەیەکی منداڵان، یەکەی نیشتەجێبوون و چەند ژێرخانێکی دیکە لە کیێڤ کراونەتە ئامانج."
ئۆلێکساندر ڤیلکول، سەرۆک شارەوانیی شاری کیێڤ لە تێلیگرام لەبارەی بۆردوومانەکەی کیێڤ بڵاویکردەوە "7 کەس کوژراون و 31 کەس برینداربوون، کە برینی 10 کەسیان سەختە. هەموو دەزگا فریاگوزارییەکان خەریکی یارمەتیدان و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەن."
هاوکات بەرپرسانی شاری کیریڤ ریگ رایانگەیاند "10 کەس کوژراون و 30 کەس بریندارن."
بەرپرسانی هەرێمی دۆنێستکیش دەڵێن، لە شاری پۆکرۆڤسک لە رۆژهەڵاتی ناوچەکە سێ کەس کوژراون.
زیلینسکی دەڵێت "ناکرێت رووسیا گوێ بەوە نەدات مووشەکەکانی بەرەو کوێ دەڕۆن؛ دەبێت رووسیا بۆ هەموو تاوانەکانی رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی بکرێتەوە."
تاوەکو ئێستا کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو هێرشە نەبووە، بەڵام پێشتر هەمیشە ئاماژەی بەوە داوە هێزەکانیان "خەڵکی سڤیل ناکەنە ئامانج."
28 مانگە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بەردەوامە. تاوەکو ئێستا مۆسکۆ سەرکەوتوو بووە لە کۆنترۆڵکردنی نزیکەی 20٪ـی خاکی ئۆکراینا.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەنگەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 6.3 ملیۆن دانیشتووی ئۆکراینا و 3.7 ملیۆن کەسی دیکەش وڵاتەکەیان جێهێشتووە.