حوزەیرانی 2024 ریکۆردی پێوانەیی گەرمای تۆمارکردووە
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای کەشناسیی ئەورووپا ناسراو بە (کۆپەرنیکۆس) دەڵێت، حوزەیرانی 2024 ریکۆردی حوزەیرانی 2023ـی لە بەرزیی پلەی گەرما شکاندووە و 13 مانگیشە ریکۆردی گەرمترین مانگ لە مێژوودا تۆمار دەکرێت.
بەگوێرەی دەزگاکە، پلەی گەرمای جیهان لە حوزەیرانی ئەم ساڵدا ئاستی پێوانەیی هەموو حوزەیرانەکانی پێشووی تێپەڕاندووە و، تێکڕای پلەی گەرمای سەرانسەری جیهان 16.66 پلەی سیلیزی بووە، واتە 1.2 پلە بەرزتر لەو تۆمارەی لە 30 ساڵی رابردوودا لە مانگەکانی حوزەیراندا تۆمارکراوە.
کۆپەرنیکۆس دەڵێت، 12 مانگە لەسەر یەک، گەرمای زەوی 1.5 پلەی سیلیزی بەراورد بە کاتەکانی پێش قۆناخی پیشەسازی بەرزبووەتەوە.
کارلۆ بۆنۆتێمپۆ، بەڕێوەبەری دەزگای کۆپەرنیکۆس رایگەیاند "ئەوە تەنیا ژمارە و پێوانەیەک نییە، بەڵکو ئەنجامی گۆڕانی گەورەی کەشوهەواکەمانە. گەرمبوونی زەوی بەردەوامە و دەکرێت ژمارەی پێوانەیی نوێ ببینین."
کۆپەرنیکۆس ئاشکرای کردووە؛ 15 مانگی لەسەریەکیشە زەریاکانی جیهان پلەی گەرمیی پێوانەیی تۆماردەکەن.
مانگی رابردوو پلەی گەرمای بەرز زۆر وڵاتی گرتەوە و سەدان کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
رۆژی 23-6-2024 فەهد عەبدولڕەحمان، وەزیری تەندروستی سعودیە رایگەیاند "لە وەرزی حەجی 2024ـدا هەزار و 301 کەس لە بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گیانیان لەدەستدا و زۆربەیان بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە بوو."
لە سەرەتای ئەم ساڵدا تاوەکو کۆتایی مانگی ئایار، لە هیندستان لانیکەم هەزار و 643 کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە؛ لە مەکسیکیش نزیکەی 125 کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.