ئەمریکا داوا لە ئەنقەرە دەکات هاوئاهەنگیی ئۆپەراسیۆن لەگەڵ هەولێر و بەغدا بکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، داوایان لە حکومەتی تورکیا کردووە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بکات سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنانەی لە دەرەوەی سنوور ئەنجامیان دەدات. 
 
رۆژی دووشەممە، 8ـی تەممووزی 2024، ماتیۆ میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "ئێمە داوامان لە حکومەتی تورکیا کردووە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق بکات سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی لە دەرەوەی سنوور ئەنجامی دەدات، هەروەها داوامان کردووە خەڵکی سیڤیل بپارێزێت لەوەی زیانیان بەربکەوێت".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، "ئێمە لەو مەترسییە بەردەوامە تێدەگەین کە پەکەکە دروستی کردووە، بەڵام ئێمە داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دیکەی نێوخۆیی هاوئاهەنگی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکات".
 
لێدوانەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو لە کاتێکدایە، نزیکەی 40 ساڵە شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەردەوامە و بەشێکی زۆری ئەو شەڕەش چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
دوایین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بەناوی "چنگ- قوفڵ" لە بەرەبەیانی رۆژی 18-4-2022 بۆ سەر ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.