کۆمپانیای نایک گرتە ڤیدیۆیەک دەسڕێتەوە کە ناوی کوردستانی تێدا هاتووە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای بەرهەمهێنانی پێڵاو و جلی وەرزشیی ئەمریکی - نایک ڤیدیۆیەکی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان سڕییەوە کە ناوی کوردستانی تێدا هاتبوو. گومان دەکرێت سڕینەوەی ڤیدیۆکە پەیوەندیی بە وشەی "کوردستان"ـەوە هەبووبێت.
کۆمپانیای نایک لەو گرتە ڤیدیۆیەی کە رۆژی هەینی، 5ـی تەممووزی 2024، بڵاویکردبووەوە، تێیدا رێکلامی بۆ پێڵاوێک دەکرد کە دروستکراوی کۆمپانیاکەی خۆی بوو و گۆرانییەکی خرابووە سەر کە تێیدا ناوی کورد و کوردستانی تێدا بوو.
لە گرتە ڤیدیۆییەکە کلیان ئێمباپێ، یاریزانی بەنێوبانگی فەڕەنسی تێیدا دەردەکەوێت.
ئەو گۆرانییەی کە کۆمپانیای نایک بەکاریهێنابوو بەشێوەیەی دوێت لەلایەن هونەرمەندێکی بەریتانی بەناوی کۆڵینز نێمی و هونەرمەندێکی کورد بەناوی "بژی" گوتراوە و ناوی گۆرانییەکەش "زێڕ"ـە و تێیدا دەڵێت: "دەمەوێت زێڕەکەم لەبەر بکەم... وەکو دایکێکی کورد... لە لەندەنەوە بۆ کوردستان".
بڵاوکردنەوەی ئەو رێکلامە لەلایەن کۆمپانیای نایک بەو گۆرانییەوە هەر زوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە ترێند، بەتایبەت لەلایەن هاونیشتمانیانی کورد، ئەوەش بەهۆی هاتنی ناوی کورد و کوردستان لە گۆرانییەکە دا.
تاوەکو ئێستا کۆمپانیای نایک هۆکاری سڕینەوەی ڤیدیۆکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەکارهێنانی ناوی کوردستان لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەردەوام نیگەرانیی تورکیای لێکەوتووەتەوە و بەشێکیشیان سانسۆر کراون.