بەهۆی هێرشی رووسیاوە 33 کەس لە ئۆکراینا کوژران
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای رووسیا ژمارەیەکی زۆر مووشەکی ئاراستەی چەند شارێکی ئۆکراینا کرد و بەهۆیەوە لانیکەم 33 کەس کوژران و 125 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی دووشەممە، 8ـی تەممووزی 2024، وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا لە راگەیێدراوێکدا رایگەیاند: "هێزەکانی رووسیا بە زیاتر لە 40 مووشەک شارەکانی کیێڤ، دینیپرۆ، سۆلڤیانسک، کراماتۆرسکیان بۆردوومان کردووە".
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەشڵێت، بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە نەخۆشخانەیەک لە شاری کیێڤی پایتەخت کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە لانیکەم 20 کەس لە شارەکە کوژراون و 61 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا جگە لە کیێڤی پایتەخت هەریەکە لە شارەکانی دینیپرۆ، سۆلڤیانسک، کراماتۆرسکییای گرتەوە و بەهۆیەوە لە تەواوی ئۆکراینا ماتەمینی گشتیی راگەیێندرا.
ڤۆڵۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کە ئێستا بە سەردانێکی فەرمیی لە پۆڵەندایە، هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد و گوتی، رووسیا بە زیاتر لە 40 مووشەک باڵەخانەی نیشتەجێبوون، ژێرخان و نەخۆشخانەی منداڵانی کردووەتە ئامانج و زیانی پێگەیاندوون.
رووسیاش رەتیدەکاتەوە کە ژێرخانی سیڤیلی کردبێتە ئامانج و ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئۆکراینا بووە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەو تۆمەتانەی باس لە بەئامانجگرتنی شوێنە سیڤیلەکان دەکەن "بەتەواوەتی ناڕاستن".
ئەو هێرشانەی رووسیا رۆژێک پێش دەستپێکردنی لووتکەی ئەم ساڵی ناتۆ لە واشنتن دێن، کە بڕیارە رۆژی سێشەممە و چوارشەممە بەڕێوەبچێت و ناردنی هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکراینا یەکێک دەبێت لە مژارە سەرەکییەکانی لووتکەکە.
28 مانگە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بەردەوامە. تاوەکو ئێستا مۆسکۆ دەستی بەسەر نزیکەی 20٪ـی خاکی ئۆکراینادا گرتووە.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەنگەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 6.3 ملیۆن دانیشتووی ئۆکراینا و 3.7 ملیۆن کەسی دیکەش وڵاتەکەیان جێهێشتووە.