ماکرۆن داوا لە سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا دەکات جارێ دەست لەکار نەکێشێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن داوا لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی دەکات دەست لەکار نەکێشێتەوە. نووسینگەکەی دەڵێت: "بۆ ئەوەیە لە سەقامگیریی وڵات دڵنیابینەوە".
رۆژی دووشەممە 08-07-2024، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بڕیاریدا گابریێل ئەتال، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا لە پۆستەکەی بهێڵێتەوە و پێی گوت: "جارێ دەست لەکار مەکێشەوە".
نووسینگەی سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند: "سەرۆک ماکرۆن داوای لە سەرۆکوەزیران گابریێل ئەتال کردووە جارێ وەک سەرۆکوەزیران بمێنێتەوە، ئەوەش بۆ دڵنیابوونەوە لە سەقامگیریی وڵات".
دوێنێ یەکشەممە خولی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی فەرەنسا بەڕێوەچوو. دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی، هاوپەیمانیی بەرەی نوێی گەلی چەپڕۆ توانی 182 کورسی بباتەوە و یەکەم بێت؛ هاوپەیمانیی (پێکەوە) کە پارتی (نوێبوونەوە)ـی ماکرۆنی تێدایە و میانڕۆیە، 168 کورسی بەدەستهێنا و دووەم بوو؛ لە پلەی سێیەمیش پارتی بەرەی نیشتمانیی راستڕۆ هات کە 143 کورسی بەدەستهێنا.
ئەو لە کاتێکدایە، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا کە 30ـی حوزەیران بەڕێوەچوو، بەرەی نیشتمانی بە 32.2٪ یەکەم بوو، بەرەی نوێی گەل بە 28٪ دووەم بوو و هاوپەیمانیی پێکەوەش 20٪ـی هێنا و سێیەم بوو.
پەرلەمانی فەرەنسا 577 کورسییە و هەر لایەنێک 289 کورسی بهێنێت، ئینجا دەتوانێت ببێتە زۆرینە و راستەوخۆ حکومەت پێکبهێنێت.
ئێستا حکومەتی فەرەنسا دەبێت بە هاوپەیمانی پێکبێت.
گابریێل ئەتال لەگەڵ تەواوبوونی هەڵبژاردنی فەرەنسا رایگەیاند، دەست لەکار دەکێشێتەوە و راشیگەیاند: "دەتوانم وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر لە نووسینگەکەم بمێنمەوە، بەڵام لە کۆتاییدا دەکەوێتە سەر بڕیاری سەرۆکی وڵات".
پرسی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵات هێشتا نادیارە، بەڵام ژان میلانشۆ، سەرکردەی پارتی (فەرەنسای خۆنەچەمێن)ـی چەپڕۆی تووندڕۆ کە هاوپەیمانێتییەکەیان یەکەم بووە، داوایکردووە ماکرۆن کەسێکی چەپ دیاری بکات.
ماکرۆن هێشتا سێ ساڵی وەک سەرۆکی فەرەنسا ماوە و تاوەکو 12 مانگی دیکە ناتوانێت هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەختە رابگەیێنێت.