رووداو دیجیتاڵ
دوازدە کۆچبەری خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە بیابانێکی جەزائیر لە رێگەی چوون بۆ ئەورووپا گیانیان لەدەستدا. بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، چوار لەو کۆچبەرانە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن.
کۆمەڵەی غەوسی جەزائیری بۆ گەڕان و بەهاناوەچوون دەڵێت، دوو هاووڵاتی جەزائیریش کە یەكێکیان شوفێر و ئەوی دیکە یاوەری بووە، لەگەڵ 12 کۆچبەرەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
رووداو بەدواداچوونی بۆ ناسنامەی ئەو کۆچبەرانە کردووە و دەرکەوتووە کە چواریان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و بریتین لە عیماد فەتاح، لەدایکبووی 1967ـی حەسەکە؛ عیسا ساڵح، لەدایکبووی 1980ـی حەسەکە؛ ئاڵدار محەممەد، لەدایکبووی 1999ـی قامشلۆ؛ خەلیل حاج ئیبراهیم، لەدایکبووی 1975ـی کۆبانی.
کۆمەڵەی غەوسی جەزائیری بۆ گەڕان و بەهاناوەچوون باسی لەوە کردووە، ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتای رەنگ سپی و ژمارەیەک تەرم لە نزیکی، لە ناوچەیەکی بیابانایی حاسی بەلفەبۆر لە رۆژهەڵاتی جەزائیر دۆزراونەتەوە.
یەکێک لەو کۆچبەرانەی کە گیانی لەدەستداوە نامەیەکی لەدوای خۆی جێهێشتووە و تێیدا نووسیوویەتی: "گەردنم ئازاد بکەن. من سێ رۆژە بێ خۆراک و ئاوم".
کۆچبەرەکانی دیکە خەڵکی رەققە، حەلەب و دیمەشقی سووریان.
بەگوێرەی رێکخراوە مرۆییەکەی جەزائیر، ئۆتۆمبێلەکە لە سێشەممەی رابردووەوە دیارنەمابوو و دوێنێ یەکشەممە، دوای چەند کاژێرێک لە گەڕان، تەرمەکان دۆزراونەتەوە.
ساڵی رابردوو 212 هەزار و 100 کۆچبەر چوونەتە هەر سێ وڵاتی لیبیا، توونس و جەزائیر و بە دەریای نێوەڕاستدا پەڕیونەتەوە ئەورووپا.
هەر ساڵی رابردوو 3105 کۆچبەر لە رێگەی چوون بۆ ئەورووپا لە دەریای نێوەڕاست گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ