گەردوونناسان وێنەی دروستبوونی ئەستێرەیەکی ساوا ئاشکرا دەکەن

08-07-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە نوێترین وێنەیدا، تەلیسکۆپی جەیمس ئەستێرەیەکی سەرەتایی بینیوە کە تەمەنی تەنیا 100 هەزار ساڵە. ئەستێرەکە بە ساوا دادەنرێت بەراورد بە تەمەنی گەردوون، کە زانایان بە 13.8 ملیار ساڵ لێکیدەدەنەوە. 
 
لە بۆشایی ئاسمان، تەلیسکۆپی جەیمس وێب روو بکاتە هەر کوێیەک، دەبینێت وزە و ماددە لە دیمەنی ناوازە و سەرسوڕهێنەردا کارلێکدەدەن. تەلیسکۆپەکە دەتوانێت باشتر لەوانی دیکە وردەکاریی ئەو کارلێکانە ئاشکرا بکات، چونکە دەتوانێت ئەو دیوی ئەو پەڵە گاز و تۆزە ببینێت، کە زۆر لە تەنە ئاسمانییەکان دادەپۆشێت. 
 
ئەستێرەکە، بە ئێڵ-1527 ناونراوە، لەم تەمەنە بچووکەیدا، هێشتا بە هەورێک لە تەنۆلکەی بچووک داپۆشراوە، هەمان ئەو هەورەی کە لێی دروستبووە.  
 
بینینی ئەم جۆرە ئەستێرانە، ئامانجی سەرەکیی ناسا بوو لە دروستکردنی تەلیسکۆپی جەیمس وێب، کە بە پشتیوانیی ئاژانسەکانی بۆشایی کەندا و ئەورووپا بەرهەمهێنرا. 
 
تەلیسکۆپەکە دەتوانێت پشتەوەی گاز و تۆز ببینێت و، لەدایکبوونی ئەستێرەکان لە قۆناخی یەکەمدا ئاشکرا بکات. 
 
 
ئەم وێنەیە بە کامێرای تیشکی ژێر سووری مامناوەند یاخود MIRI گیراوە. 
 
ئەستێرە ساواکە لە نێوەڕاستی وێنەکەدا دەردەکەوێت، کە هێشتا لە گەشەدایە. خەریکی وەرگرتن و کۆکردنەوەی بارستاییە لە پەپکەی هەسارەی سەرەتایی یاخود .protoplanetary disk پەپکەکە ئەو ئەو هێڵە تاریکە باریکە ئاسۆییەیە، کە لە چەقی وێنەکەدایە. 
 
هێزی کێشکردنی ئەستێرەکە، ماددەکە بۆ خۆی رادەکێشێت، مادەکە دەپەستێنرێت و گەرمدەبێت. ماددەی زیاتر دێت و بەر گازەکە دەکەوێت، لە ئەنجامدا شەپۆلی هەژێنەر دروستدەبن و ئەو شەپۆلانە وزەی زیاتر بە ئەستێرەکە دەدەن. هەر ئەو وزەیەشە کە ئەستێرەکە و دەوروبەری رووناک دەکاتەوە و وای لێدەکات لە پشت هەورە تۆزاوییەکە، بدرەوشێتەوە. 
 
کاتێک ئەستێرە سەرەتاییەکان بارستایی کۆدەکەنەوە، بواری موگناتیسیی بەهێز بەرهەمدێنن. ئەو بوارە موگناتیسییە لەگەڵ خولانەوەی ئەستێرەکەدا بە دەوری خۆی، تەن و ماددەکانی دیکە لە ئەستێرەکە دووردەخەنەوە. 
 
واتە لە هەمان کاتدا کە ئەستێرە سەرەتاییەکە بارستایی کۆدەکاتەوە، بەشێکی تۆز و گازەکەی فڕێدەداتە دەرەوە، بەوەش ئەو دیمەنە ناوازەیە دروستدەبێت، کە لە شێوەی کاتژمێری لمی [⏳] دەچێت. 
 
هایدرۆکاربۆناتی بۆنداری فرەئەڵقەیی (PAHs) لە ژینگەی ئەستێرەکەدا هەن. بریتین لەو پێکهاتە ئەندامیانەی بە بەربڵاوی لە تەواوی گەردووندا هەن و زانایان دەڵێن دەبنە هۆی دروستبوونی ژیان. بە رەنگی شین لە وێنەکەدا دەدرەوشێنەوە. 
 
چینە سوورەکەی نێوەڕاستی وێنەکە، چینێکی ئەستووری گاز و تۆزە، کە دەوری ئەستێرە ساواکەیان داوە. بەهۆی وزەی ئەستێرەکە، رووناکبوونەتەوە. چینە سپییەکەی نێوان سوور و شینەکەش، تێکەڵەی چەند ماددەیەکە. لەو  ناوچەیە (PAHs)ـی زیاتر و گازی ئایۆنراوی وەک نیۆن و هایدرۆکاربۆنی دیکەش هەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک قوتابی لەنێو پۆلی قوتابخانەیەکی کوردی لە ڤیەننا

لە نەمسا منداڵانی کورد فێری زمانی کوردی دەکرێن

لە نەمسا راستئاژۆکان بردیانەوە؛ هێشتا دیارنییە ئاییندەی حوکمڕانی لە نەمسا چۆن دەبێت، بەڵام ئەوە روونە کە بۆ ئەوانەی باکگراوندی کۆچبەرییان هەیە، مەرج نییە باشتر بێت لە جاران. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی جوان و بەهێز هەن بۆ خۆگونجاندن و بەشداریی کاریگەر لە کۆمەڵگەی نەمساییدا