مارک رووتە: گەیشتینە ئەو ئەنجامەی جیاوازییەکانی کابینەکەمان چارەسەرناکرێن

رووداو دیجیتاڵ 

هۆڵەندییەکان دوای بیستنی هەواڵی هەڵوەشانەوەی حکومەتی وڵاتەکەیان، بە نیگەرانییەوە لەبەردەم باڵەخانەی سەرۆکایەتی حکومەت لە لاهای کۆبوونەوە. ئەمەش دوای ئەوەی لە راگەیاندنێکی کتوپڕدا، مارک رووتە، درێژمەوداترین سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
 
مارک رووتە لەکاتی راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەکەی گوتی، "هەموومان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی ئێمە، واتە تەواوی کابینەکە و هەر چوار هاوپەیمانییەکەی بەشدار تێیدا، ناتوانین سەرکەوتوو بین. بەداخەوە ئەم ئێوارەیە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی جیاوازییەکان چارەسەرناکرێن. لەبەر ئەم هۆکارە، من دەستلەکارکێشانەوەی خۆم پێشکێشی پادشای وڵات دەکەم لەژێر ناوی تەواوی حکومەتدا."
 
ئەو جیاوازییانەی رووتە باسی دەکات، لەسەر سیاسەتی هۆڵەندا بوو بە ئاڕاستەی کۆچبەران. هاوپەیمانییەکەی سەرۆکوەزیران کە 77 کورسی لە 150 کورسییەکەی پەرلەمان پێکدەهێنن و کارووباری هۆڵەندا بەڕێوەدەبەن، پرۆژەیاسایەکیان بۆ کەمکردنەوەی وەرگرترنی کۆچبەران لە هۆڵەندا بۆ پەرلەمان بەرزکردەوە، بەڵام لەلایەن پارتی کریستیان دیموکرات و یەکێتی کریستیانەوە دژایەتی کرا، کە بەشێکن لە حکومەت.
 
مارین فلیپۆ، دانیشتوویەکی هۆڵەندایە، لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران دەڵێت، "بە خێرایی روویدا، هەواڵەکە بڵاوبووەوە کە لەوانەیە حکومەت هەڵوەشێتەوە و ئەوە روویدا. نیگەرانم لەوەی داهاتوو چیمان بۆ دەهێنێت لە رووی سیاسییەوە."
 
هۆڵەندا یەکێک لەو وڵاتانەی زۆر بە قورسی مافی پەنابەری دەداتە کۆچبەران، بەڵام رووتە دەیویست هێندەی تر توندوتۆڵی بکاتەوە.
 
پاڵنەریش بۆ ئەو کارەی، چوونی 46 هەزار کۆچبەر بوو بۆ ئەو وڵاتە لە 2022، ئەو ژمارەیەش 33٪ لە 2021 بەرزتربوو.