کۆشکی سپی: بایدن لەگەڵ محەممەد بن سەلمان کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ سعودیە، لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی "مشتومڕهێن"ـی ئەو وڵاتە، وەکو ئەندامێکی شاندی سعودی، گفتوگۆ دەکات. هەروەها دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بایدن سەرنجێکی تایبەت دەخاتە سەر هەڕەشەکانی ئێران و چۆنیێتی بەهێزکردنی توانا بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ رووبەڕووبونەوەی هەڕەشەی مووشەکە بالستییەکانی تاران.
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە، 07-07-2022، لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "سەرۆک کۆبوونەوەیەکی دوو لایەنانە لەگەڵ شا سەلمان و تیمی سەرکردایەتییەکەیدا دەکات. وەکو دەزانن، شازادەی جێنشین لەنێو ئەو تیمەی سەرکردایەتیدایە. بۆیە بێگومان سەرۆک لە چوارچێوەی گفتوگۆیێکی دووقۆڵیی گەورەدا چاوی بە شازادەی جێنشین دەکەوێت."   
 
لەکاتێکدا کە چاوەڕێدەکرێت بایدن داوا لە سعودیە بکات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکات بۆ ئەوەی نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا هەرزان بێت، سەردانەکەی ئاماژەیەکە بۆ گۆڕانی هەڵوێستی لە بەرامبەر محەممەد بن سەلمان، کە ئیدارەی بایدن لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا لە ساڵی رابردوو، لە راپۆرتێکی هەواڵگریدا شازادەی جێنشینی سعودیەی بە سەرپەرشتیکاری کوشتنی جەمال خاشوقچی تۆمەتبارکرد.  
 
ئەو کاتەی کە بایدن بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بوو، گوتی ئەو تاوانە کە لە ساڵی 2018 لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبووڵ کرا، سعودیەی کردووەتە وڵاتێکی "بێزراو." 
 
مانگی رابردوو، سەرۆکە دیموکراتەکەی ئەمریکا وا پێشانیدا کە هەوڵدەدات خۆی لە بینینی محەممەد بن سەلمان بەدووربگرێت و بە رۆژنامەڤانانی گوت، "من لەگەڵ محەممەد بن سەلمان کۆنابمەوە،" بەڵکو گوتی کە لەگەڵ شا سەلمان و تیمەکەی کۆدەبێتەوە. 
 
لە سەردانەکەیدا کە لە 13 تاوەکو 16ـی تەممووز دەخایێنێت، پێش ئەوەی لە سعودیە بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی هەرێمیدا بکات، بایدن سەردانی ئیسرائیل و کەرتی رۆژئاوا دەکات.  
 
کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە بایدن باس لە "پێكەوە کارکردنێکی فراوانتر" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر پرسەکانی وەکو بەرگریی ئاسمانی دەکات، بە تایبەت بەهۆی ئێران. 
 
کێربی لەو بارەیەوە گوتی، "ئێمە بەردەوامین لە کارکردن لەسەر توانا پێگەوەگرێدراوەکانی بەرگریی ئاسمانی و چوارچێوەکانی لە سەرانسەری ناوچەکە. چونکە تەواوی ناوچەکە لە ئێران و توانای گەشەسەندوو و روو لەزیادبووی مووشەکە بالیستییەکانی نیگەرانن، ئەوە جگە لە پشتیوانیی بەردەوامی ئەو وڵاتە بۆ تیرۆر لە تەواوی ناوچەکە."
 
کێربی ئاماژەی بەوەش کرد، شاندی ئەمریکی هەوڵدەدات بزانێت دەتوانێت چی بکات بۆ ئەوەی دژی هەڕەشەکان یارمەتیی هاوپەیمانەکانی بدات.
 
باسی لەوەش کرد لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بایدن و شاندەکەی، بیرۆکەی پێکەوەگرێدانی هەموو توانا بەرگرییە ئاسمانییەکانی ناوچەکە هەڵدەسەنگێنن، بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی، بتوانرێت بەشێوەیەکی "سەرکەوتووتر" مامەڵە لەگەڵ "هەڕەشەکانی ئێراندا" بکرێت.