ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوو پڕۆژە بڕیار لەبارەی دەروازەی بابلهەوا دەخاتە دەنگدانەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی رووسیا و لایەنە رۆژئاواییەکان لەبارەی ماوەی بە کراوەیی هێشتنەوەی دەروازەی بابلهەوا نەگەیشتنە رێککەوتن، بڕیارە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگ لەبارەی دوو پڕۆژە بڕیار بدات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست مەجید نیزامەدین گلی، ئیدیتۆری دیپلۆماسیی تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە یەکێک لە پڕۆژە بڕیارەکان لەلایەن رووسیاوە پێشکێشکراوە و داوا دەکات دەروازە سنوورییەکە 6 مانگی دیکە بە کراوەیی بمێنێتەوە و ئەوی دیکەشیان لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە ئامادەکراوە و داوا دەکات دەروازەکە بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە بە کراوەیی بمێنێتەوە
بەرپرسێک لە نوێنەرایەتیی رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنی رۆژئاوایی نەکراوە، بۆیە دوو رەشنووسی تایبەت بە دەروازە سنوورییەکە لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەخرێنە دەنگدانەوە.
تاوتوێکردنی پڕۆژە بڕیارەکە لە کاتێکدایە، هێشتا خەڵکێکی زۆر لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا پێویستییان بە هاوکارییە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتی ساڵانەیدا کە رۆژی 30ی حوزەیران بڵاویکردەوە رایگەیاند، لە ساڵی 2021دا 13 ملیۆن و 400 هەزار کەس لە سووریا پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەبووە، ئەوە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2020دا ژمارەکە 11.1 ملیۆن کەس بووە.
ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرزبوونەوەی ئەو ژمارەیە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە، لەوانە قەیرانی ئابووری، کاریگەریی کۆرۆنا، لەدەستدانی بەرهەمی خۆراک، ئەوەش لەبەر گرانبوونی تێچووی کشتوکاڵ، لەنێویدا سووتەمەنی، کەمیی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا کە هەموو ئەوانە بارودۆخی ئاسایشی خۆراکیان لە سووریا خستووەتە مەترسییەوە.
لە سەروو هەموو ئەوانەشەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت شەڕی 10 ساڵەی نێوخۆی ئەو وڵاتە وایکردووە بارودۆخەکە خراپتر ببێت.