لە ئەمریکا لەسەر کوپی خواردنەوەی ژنێکی باڵاپۆش دەنووسرێت داعش


رووداو دیجیتاڵ 

ژنێکی موسڵمانی حیجاب لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا سکاڵای دژی فرۆشگەیەکی خواردنەوەکانی ستاربەکس تۆمارکردووە، چونکە لەسەر کوپی خواردنەوەکەی نووسیویانە ISIS بە واتای داعش. 
 
ئەو ژنە ناوی عایشەیە، تەمەنی 19 ساڵانە و حیجاب دەپۆشێت بە سی ئێن ئێنی ئەمریکی گوتووە، "ئەوکاتەی ئەو نووسینەم لەسەر کووپەکەم بینی، هەستم بەوە دەکرد سووکایەتیم پێکراوە و لە نرخم کەمکراوەتەوە، چونکە ناوی داعش کەسایەتیی هەموو موسڵمانێک لە سەرانسەری جیهان دەشێوێنێت". 
 
رووداوەکە لە 1ـی ئەم مانگە لە شەقامی پاوڵ میدوەی روویداوە. سەرەڕای حیجابەکەی، عایشە بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەمامکی پۆشیوە. ئەو پێیوایە لەم سەردەمەدا "ناکرێت و نابێت" شتێکی وا رووبدات و قبووڵکراو بێت. 
 
لە مانگی ئاداری 2012ـەوە کۆمپانیای ستاربەکس ناوی کڕیاران لەسەر ئەو کوپی خواردنەوانە دەنووسێت کە داوای دەکەن. عایشە دەڵێت، ناوەکەی خۆی چەند جارێک بە هێواشی بۆ کارمەندی فرۆشگەکە دووبارە کردووەتەوە، "بەهیچ شێوەیەک رێگەی تێناچێت کە ناوی عایشەی وەکو ISIS گوێ لێبووبێت، چونکە عایشە ناوێکی ئەوەندە نامۆ نییە و منیش چەند جارێک دووبارەم کردووەتەوە". 
 
ئەو کارمەندەی خواردنەوەکەی داوە بە عایشە لەکاتی لێکۆڵینەوەکان گوتوویەتی، ناوەکەی بەباشێ گوێ لێنەبووە. عایشە دەڵێت بەهۆی ئەو رووداوەوە ویستوویەتی قسە لەگەڵ سەرپەرشتیاری فرۆشگەکە بکات، بەڵام "وەڵامم نەدرایەوە". فرۆشگەکە خواردنەوەیەکی نوێ و کارتێکی دیاریی ستاربەکسیان داوە بە عایشە کە نرخەکەی 25 دۆلارە. 
 
سەرپەرشتیاری فرۆشگەکەش ئاماژەی بەوە کردووە، هەندێکجار ناوی کەسەکان و وڵاتەکان لەسەر کووپەکان هەڵەیان تێدەکەوێت. ئەنجوومەنی تایبەت بە پەیوەندییەکانی نێوان موسڵمانان و ئەمریکییەکانیش داوای دەرکردنی ئەو دوو کارمەندەی ستاربەکسی کردووە.