پێنتاگۆن: بەردەوام دەبین لە کڕینی پارچەکانی فڕۆکەی F35 لە تورکیا

08-07-2020
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن فڕۆکەی ئێف 35
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چوار ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی نامەیەکیان ئاراستەی مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگری وڵاتەکەیان کردووە و تێیدا داوادەکەن بەتەواوەتی تورکیا لە پرۆسەی پیشەسازیی دروستکردنی فڕۆکەی F35 دووربخرێتەوە؛ بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگرییش دەڵێت، بەردەوام دەبن لە کڕینی پارچەکانی فڕۆکەکە لە تورکیا.
 
جەیمس لانکفۆرت، تۆم تیلیس، جۆن شاهین و کریس ڤان هۆڵن، ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رەخنەیان لە کەمتەرخەمیی حکومەتی وڵاتەکەیان گرتووە لەئاست وەستاندنی بەشداریکردنی تورکیا لە بەرنامەکە؛ هاوکات نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لە سستیی ئەو رێکارانەی کە ئیدارەی ترەمپ گرتوونیەتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە بەشداریی تورکیا لە دروستکردنی بەشێك لە پارچەکانی فڕۆکەی F35.
 
لە نامەکەدا، هەر چوار سیناتۆری ئەمریکا نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە سیاسەتەکانی سەرۆککۆماری تورکیا دەربڕیوە و رایانگەیاندووە، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەو ئاراستەیەی تورکیا لەژێر سایەی سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان نیگەرانە، وەکو لە نامەکەیاندا هاتووە، ئەو پێشێلکارییانەی مافەکانی مرۆڤ کە لە سووریا و عێراق ئەنجامیاندەدات و دەستگیرکردنی ئەمریکییەکان لەنێو خاکی تورکیا.
 
سیناتۆرەکان ئاماژە بەوە دەکەن "سەرجەم ئەو رەفتارانە تورکیا وەکو وڵاتێك دەردەخەن کە نابەرپرسانە کاردەکات و لەئاست ئەندامێتی لە هاوپەیمانیی ناتۆ، هاوکاری و پێکەوەکارکردن لەگەڵ وڵاتە هاوبەشەکانی ناکات".
 
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە میدیاکانی راگەیاندووە، رێککەوتنەکانیان لەگەڵ تورکیا توەکو ساڵی 2022 بەردەوامدەبن، لەنێویاندا کڕینی پارچەکانی فڕۆکەی F35 لە تورکیا.
 
یەکێک لە کەیسە سەرەکییە جێناکۆکەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا، کڕینی سیستەمی بەرگریی ئێس 400ی رووسییە لەلایەن ئەنقەرەوە کە ناڕەزایەتیی تووندی ئەمریکا و ئەندامانی ناتۆی لێکەوتەوە و داوایان لە تورکیا کرد لە گرێبەستەکەی لەگەڵ رووسیا بکشێتەوە.
 
مانگی تەممووزی ساڵی رابردوو، تورکیا چەند کاروانێک لە سیستەمی ئێس 400ی لە رووسیا وەرگرت، بەڵام تاوەکو ئێستا سیستەمەکە کارانەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە