پۆمپەیۆ: پێش کوشتنی هیشام هاشمی، گرووپەکانی سەر بە ئێران هەڕەشەیان لێکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، کوشتنی هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسی و سەربازیی عێراقی بە تووندی ئیدانە کرد و رایگەیاند، پێش کوشتنی گرووپەکانی سەر بە ئێران هەڕەشەیان لێکردووە.
 
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هاشمی بە رۆژنامەنووسێکی نیشتمانپەروەر و دەنگی هیوای خەڵکی عێراق ناوبرد و داوای لە حکومەتی عێراقیش کرد بکوژەکانی خێرا بدۆزێتەوە و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکات.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی "هیشام ئەلهاشمی بە دڕندانەترین شێوە لەبەر دەرگای ماڵەکەی لە بەغدا کوژرا. دکتۆر هاشمی خۆی بۆ عێراقێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری تەرخانکردبوو، گوزارشتی لە هیوای خەڵکی عێراقی دەکرد".
 
هیشام هاشمی، 9ی ئایاری 1973 لە بەغدا لەدایکبووە، شرۆڤەکارێکی سیاسی و سەربازیی عێراقی بووە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 6ی تەممووز، لە بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و تیرۆرکرا. بەشێک لە هاوڕێ و کەسوکارەکەی پەنجەی تۆمەت بۆ کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی درێژدەکەن و دەڵێن، پێشتر هەڕەشەی کوشتنیان لێکردبوو.