زیلینکسی بۆ پووتین: گەلی ئۆکراینایە بڕیار لە رەوایەتیی من دەدات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا وەڵامی سەرۆکی رووسیای دایەوە و گوتی، لەلایەن گەلی ئۆکرایناوە رەوایەتیی پێدراوە و پووتین مافی ئەوەی نییە لەو بارەوە قسە بکات.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس وەڵامی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیای دایەوە و گوتی، "رەوایەتیی سەرۆک زیلینسکی لەلایەن گەلی ئۆکراینەوە دیاری کراوە. گەلی ئێمە گەلێکی ئازادە."
هەروەها زیلینکسی لەوبارەوە گوتیشی، "رەوایەتیی پووتین تەنیا لەلایەن هاوڕێکانیەوە دیاریکراوە."
دەبوایە لە بەهاری ئەم ساڵدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئۆکراینا بکرێت، بەڵام یاسای سەربازیی ئەو وڵاتە کە دوای دەستپێکردنی جەنگ کارا بوو، رێگری دەکات لەوەی لەکاتی هەبوونی جەنگدا هیچ هەڵبژاردنێک لەو وڵاتە بکرێت.
دوای ئەوەی لە ئایاری ئەم ساڵدا ماوەی سەرۆکایەتیی زیلینسکی وەکو سەرۆکی ئۆکراینا کۆتاییهات، پووتین چەندین جار رایگەیاندووە، رەوایەتیی نییە و نوێنەرایەتیی گەلی ئۆکراینا ناکات.
تاوەکو ئێستا ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، کە هاوپەیمانی سەرەکیی ئۆکراینان، رەوایەتیی زیلینسکییان نەخستووەتە ژێر پرسیار.
بەگوێرەی راپرسییەکیش، کە لەنێو ئۆکراینییەکان لەلایەن دامەزراوەی نێودەوڵەتیی کۆمارییەکان IRI کراوە، زیاتر لە 67%ی ئۆکراینییەکان لەگەڵ ئەوەدان زیلینسکی تاوەکو شەڕ کۆتایی دێت، لە پۆستەکەی بمێنێتەوە.
هەرچی پووتینە لە ئایاری ئەم ساڵ بۆ پێنجەمین جار وەکو سەرۆکی رووسیا هەڵبژێردرایەوە.