سەرۆکی رووسیا: ئابووریی وڵاتەکەمان لە گەشەسەندندایە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی وڵاتەکەی سزای تووندی بەسەردا سەپێندراوە، ئابوورییەکەی لە گەشەسەندندایە.
رۆژی هەینی 7ی حوزەیرانی 2024 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سان پیتەرسبۆرگدا گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، ئابووریی وڵاتەکەی لە گەشەسەندن بەردەوامە و پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا و ئەفریقا گەشەپێداوە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی بەهۆی هێرشکردنە سەر ئۆکرایناوە، وڵاتەکەی رووبەڕووی سزای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بووەتەوە.
پووتین رایگەیاند، لەنێوان ساڵانی 2020 و 2023دا پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا 60%، لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوو هێندەی پێشتر، لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا 69% و لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکای باشووریش 42% گەشەیان کردووە.
پووتین ئاماژەی بەوەش کرد، رووسیا دەتوانێت چەکی پێشکەوتوو بداتە وڵاتانی دیکە بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئامانجەکانیان لە وڵاتانی رۆژئاوا؛ ئەوەش لە وەڵامی رێگەدانی ناتۆ بە ئۆکراینا بۆئەوەی بە چەکی ئەوان هێرش بکاتە سەر خاکی رووسیا.
رۆژی 24ی شوباتی 2022 سوپای رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا؛ دواتر، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەستیان بە سزادانی ئەو وڵاتە کرد.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ستاتستا، لەو کاتەوە 16 هەزار کەسایەتی، نۆ هەزار کۆمپانیا و سێ هەزار دامەزراوەی دیکەی رووسیا لەلایەن ئەو وڵاتانەوە سزایان بەسەردا سەپێندراوە.
بەگوێرەی ئاژانسی ئاماری نیشتمانیی رووسیا، پار ئابووریی رووسیا بەراورد بە پێرار 3.6% گەشەیکرد. بەگوێرەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراویش، ئابووریی وڵاتەکە بەراورد بە پێرار 2.6% گەشەی کردووە.