رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتن لەسەر ئەوەی سیستم و رێساکانی کۆچبەری هەموار بکەنەوە. یەکێک لەو رێسا نوێیانە وەرگرتنی داواکاریی پەناخوازانە لە سەر سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتییەکە.
دوای رۆژێک لە کۆبوونەوە و دانیشتنی کراوە و داخراوی وەزیرانی نێوخۆ و کۆچ و کۆچبەرانی یەکێتییی ئەوروپا، بە زۆرینەی دەنگ رێککەوتن لەسەر ئەوەی رێسا و سیستمی کۆچبەری هەموار بکرێتەوە؛ هەموارکردنێک بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی زیاتری کۆچبەران بە یەکێتیی ئەوروپا.
ماریا مالمار، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی سوێد، کە سەرۆکایەتی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا دەکات، دوای کۆبوونەوەکە راگەیاند، "ئەمرۆ گەیشتینە هەنگاوێکی مێژوویی کە ساڵانێکە هەوڵی بۆ دەدرێت". ماڵمەر هەروەها گوتی، "وەرگرتنی داواکاریی پەناخوازی لەسەر سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا، دەبێتە هۆیەک بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی پەناخوازان و دیپۆرتکردن و گەراندنەوەیەکی ئاسان لە چوارچێوەی مافی پاراستنی نێودەوڵەتی".
نانسی فێزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەکە لە پرێس کۆنفراسێکدا راگەیاند، "لەم رێککەوتنەدا بنەماکانی مافی مرۆڤ لەبەرچاوگیراون و کەسانی خوار 18 ساڵان ناچنە نێو ئەو کامپانەی لە سنوور دروستدەکرێن".
لەبارەی ئەوەی کام گرووپ یان هاووڵاتی کام وڵات ناچنە نێو کامپەکانی سەر سنوورەکان، ماریا ماڵمەر لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "هاووڵاتی هەر وڵاتێک کە رێژەی پێدانی مافی پەناخوازی بە هاووڵاتییەکانی 20٪ کەمتر بێت دەگرێتەوە".
هەروەها دەربارەی ئەوەی کام وڵات "بە سەقامگیر" پۆلێنکراوە، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی سوێد بە رووداوی گوت، "هیچ لیستێکی وڵاتان نییە، بەڵام ئەمەیان دواتر هەموار دەکرێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ