رووداو دیجیتاڵ
لە میسر، قرشێک هێرشی کردە سەر گەشتیاران، یەکێکی قووتدا و دووانی دیکەشی بریندارکرد.
ڤیدیۆی ساتی هێرشەکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە. رووداوەکە لە لێوارێکی گەشتیاریی دەریای سوور لە شاری غەردەقەی میسر روویداوە. هەر ئەمڕۆ، قرشەکە راوکرا و کوژرا.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی غەردەقە رایگەیاند، گەشتیارە قووتدراوەکە کەسێکی رووسیی تەمەن 24 ساڵە.
بە گوێرەی میدیا خۆجێیەکان، قرشەکە لاشەی گەشتیارەکەی دووپەرت کردووە، بەشێکی لە کەنارەکە دەرهێنراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدوای بەشەکەی دیکەشدا دەگەڕێن.
دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی پارێزگەی دەریای سوور هۆشدارییان بۆ گەشتیاران دەرکرد بۆ ئەوەی خۆیان لە شوێنی رووداوەکە بەدووربگرن و دەستیان بە گەڕان بە دوای قڕشە بکوژەکەدا کرد، تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ بە تۆڕێکی گەورە گیرا و هێنرایە سەر رۆخی دەریاکە.
ساڵی رابردوو، قرشێک هەر لە دەریای سوور هێرشی کردە سەر خانمە گەشتیارێکی نەمسایی تەمەن 68 ساڵ، دەست و قاچێکی لێکردنەوە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. دوای ئەوە، کەنارەکە هەمووی داخرا.
دوای رووداوەکەی ئەمڕۆش، کۆنسوڵخانەی رووسیا لە شاری غەردەقە لەسەر فەیسبووک هۆشداریی بە هاووڵاتیانی دا کە نەچنە نێو ئاوەکە و هۆشیاربن و بەو رێنماییانەی حکومەتی میسر دەریاندەکات پابەند بن.
ڤیکتۆر فۆرۆباییڤ، کۆنسوڵی رووسیا لە غەردەقە رووداوەکەی بە "زۆر سەخت" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هاوولاتییە رووسیەی کەوتە بەر هێرشی قڕشەکە، لە سەرەتای حوزەیرانەوە چووەتە میسر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ