لە فەرەنسا کۆچبەرێکی سووری چوار منداڵ بە چەقۆ بریندار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکدا لە شارۆچکەی ئانسیی فەرەنسا، هێرشکارێک پێنج کەسی بە چەقۆ بریندار کرد، کە چواریان منداڵن. کەسێکی سووریایی بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکە، دەستگیرکراوە.
رۆژی پێنجشەممە 8ـی حوزەیرانی 2023، پۆلیسی فەرەنسا رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 09:45 خولەک بە کاتی فەرەنسا (کاژێر 10:45 بە کاتی هەرێمی کوردستان) روویداوە و تەندروستیی سێ لە بریندارەکان ناجێگیرە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسیی فەرەنسا، هێرشکارەکە کۆچبەرێکی سوورییە، کە داوای مافی پەنابەریێتیی لە فەرەنسا کردووە، بەڵام پۆلیس ناسنامەکەی ئاشکرا نەکردووە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە تویتێکدا، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رووداوەکەی بە "هێرشێکی تەواو ترسنۆکانە" ناوبرد و، گوتی "تاوانلێکراوەکان شەڕ بۆ ژیان دەکەن، میللەت تووشی شۆک بووە، دڵمان لەلای خێزانەکانیانە".
ژێرالد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، لە تویتێکدا رایگەیاند، "کەسێک لە شوێنی تاوانەکە دەستگیرکرا، سوپاس بۆ هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەو کاردانەوەیە خێرایە".