مایک پێنس بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر کرد

رووداو دیجیتاڵ

مایک پێنس رایگەیاند، بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەربژێر کرد و گوتیشی نابێت دۆناڵد ترەمپ هەرگیز ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا. 
 
رۆژی چوارشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2023، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لەبەردەم بەشێک لە لایەنگرانی لە شاری ئانکی لە ویلایەتی ئایۆوا، رایگەیاند "من، ئەمڕۆ وەکو بەربژێرێک لەبەردەمتان وەستاوم، پارتی کۆماری، دەبێت پارتی دەستووری ئەمریکا بێت".
 
پێنس، هێرشی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و گوتی "پێموایە، هەر کەسێک خۆی لە سەرووی یاساوە ببینێت، نابێت هەرگیز ببێتە سەرۆکی ئەمریکا".
 
پێنس باسی لەوەشکرد، دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی 2020ـی ئەمریکا داوای لێکردووە، رێگە لە دەستبەکاربوونی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بگرێت، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە و گوتیشی "گەلی ئەمریکا شایەنی ئەوەن بزانن، سەرۆک ترەمپ، داوای لە من کرد لەنێوان دەستووری ئەمریکا و ترەمپ کەسێکیان هەڵبژێرم، من دەستووری ئەمریکام هەڵبژارد". 
 
مایک پێنسی تەمەن 64 ساڵ، دەبێتە نۆیەمین کەس کە لەسەر لیستی کۆمارییەکان خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بکات و بە رکابەرێکی بەهێزی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دادەندرێت.
 
پێنس، خۆی وەکو کەسێکی، "کریستیان، پارێزگار و کۆماری" دەناسێنێت و بە دوژمنێکی سەرسەختی ''مافی لەباربردنی منداڵ و مافی رەگەزگۆڕەکان'' دادەندرێت.
 
لەسەر شەڕی ئۆکراینا مایک پێنس، لەگەڵ جۆ بایدن هاوڕایە کە ئەمە داگیرکارییە و لەگەڵ پاڵپشتیکردنی سەربازی وڵاتەکەیە، پێنس دژی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە ئەفغانستان و بایدنیش بە هەڵە دەزانێت کە گفتوگۆی لەگەڵ ئێران کردووە سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ریککەوتنی ئەتۆمی.
 
مایک پێنس، کاتێک جێگری دۆناڵد ترەمپ بوو، بە پشتگیریکاری ترەمپ دادەندرا، بەڵام لە 6ـی کانوونی دووەمی 2021 کاتێک بە ''تۆمەتی دزینی دەنگەکانیان" هەڵکوترایە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا، پێنس دژی ترەمپ وەستایەوە.