لە دەیان وڵات لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا خۆپێشاندان دژی رەگەزپەرستی بەڕێوەدەچێت

 
رووداو - هەولێر

لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا هەزاران کەس چوونە سەر شەقامەکان و دژی کوشتنی جۆرج فلۆید، پیاوە رەشپێستەکەی ئەمریکا خۆپێشاندانیان کرد؛ خەڵک بە هەموو رەنگ و باکگراوندێکەوە پاڵپشتی بۆ کۆمەڵگەی رەشپێستەکان دووپاتدەکەنەوە.
 
خۆپیشاندەرێکی بەریتانی دەڵێ "پێموایە پێشتر ئەوە گوتراوە، ئێمە نەوەیەکی جیاوازین، ئێستا شتی نوێ هەن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەن و بە چەندین رێگە دەتوانین قسە بکەین کە پێشتر نەبوون؛ خەڵک گوێی لە دەنگمانە، هەربۆیە دەبێت دەنگمان هەڵبڕین".
 
جیا لە بەریتانیا، خۆپیشاندەران لە  ئیسپانیا، ئیتاڵیا، ئوسترالیا و دەیان وڵاتی دیکە لە سەرتاسەری جیهان چوونە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا و داوای کۆتاییهێنانی تووندوتیژییەکانی پۆلیسیان کرد بەرامبەر بە خەڵک.
 
دەرکەوتووە دوو لەو پۆلیسانەی دەستیان لە کوشتنی جۆرج فلۆید هەبووە، مێژوویەکی درێژیان لە بەکارهێنانی تووندوتیژی هەبووە و لە کارکردنیش بەردەوام بوون، بەم هۆیەشەوە خۆپێشاندانەکان درێژەیان کێشاوە.
 
ئێستا بابەتەکە تەنیا لە کوشتنی هاووڵاتییەکی رەشپیستدا نەماوەتەوە، بەڵکو وێنە گەورەکە تووندوتیژییەکانی پۆلیسە بەرامبەر خەڵک. خۆپێشاندەرێک بە گرنگی دەزانێت کە خۆپێشاندەران کۆدەنگبن و دەڵێت "نابێت هیچ کەسێک هەست بەوە بکات کە لە کەسانی دیکە کەمترە یان گرنگترە؛ هەموومان یەکسانین و دەبێت یەکسانیش بین".
 
ئەفریقییەکان دەستیان بەم خۆپیشاندانە کرد، بەڵام ئێستا خەڵک بە هەموو رەنگ و بیروباوەڕێک بەشدارن، رەشپێستەکان پێیانوایە شۆڕشێکیان دەستپێکردووە، تاوەکو کۆتایی بە نەژادپەرستی نەهێنێت ناوەستێت.
 
کەمپەینی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە رەشپێستەکان بۆ ساڵی 2013 دەگەڕێتەوە، بەڵام مێژووی تووندوتیژی بەرامبەر بە رەشپێستەکان بۆ سەدەی 17یەم دەگەڕێتەوە.