بەهۆی هاوسەرگیریی نایاسایی، هاوژینی سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان بەندکرا

رووداو دیجیتاڵ

بوشرا بیبی، هاوژینی عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان لە بەندکردنی ماڵەوە گوازرایەوە هەمان ئەو زیندانەی عیمران خانی تێدا بەندکراوە. پارێزەرێک دەڵێت، هاوسەرگیرییەکەیان نایاسایی بووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 08-05-2024، پارێزەرێکی حیزبەکەی عیمران خان رایگەیاند، هاوژینی سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان "لەسەر داوای خۆی" گوازراوەتەوە زیندان.
 
بوشرا بیبی لە 31-01-2024، سەرەتا بە تۆمەتی فرۆشتنی دیارییەکانی دەوڵەت لەگەڵ هاوژینەکەی، دەستگیرکرا و سزای "بەندکردن لە ماڵەوە"ـی بەسەردا سەپێندرا. ئێستاش تۆمەتی "شکاندنی یاساکانی ئیسلام و هاوسەرگیریی نایاسایی" خراوەتە پاڵ.
 
ئینتیزار حوسێن، پارێزەر لە حیزبی تەحریکی ئینساف (PTI) کە حیزبی عیمران خانە، گوتی "بوشرا بیبی لەسەر داوای خۆی گوازراوەتەوە بەشی ژنانی هەمان ئەو زیندانەی عیمران خانی لێ بەندکراوە."
 
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوە داوە، بوشرا بیبی ویستوویەتی "وەک خەڵکی ئاسایی" مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
 
رۆژی 9-05-2023، عیمران خان بە تۆمەتی "گەندەڵی، شاردنەوەی راستییەکان، درکاندنی نهێنییەکانی دەوڵەت و فرۆشتنی دیارییەکانی دەوڵەت" دەستگیرکرا. دەستگیرکردنی عیمران خان ناڕەزایەتیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لایەنگرەکانی چەندین خۆپیشاندانیان کرد.
 
عیمران خان، سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە و لە کانوونی دووەمی 2024ـەوە لە زیندانە.
 
عیمران خان لە ساڵی 2018 هاوسەرگیریی لەگەڵ بوشرا بیبی کرد و لە هەمان ساڵیشدا بووە سەرۆکوەزیرانی پاکستان، پاشان لە 2022 بەتۆمەتی گەندەڵی لە پەرلەمان متمانەی لێ سەندرایەوە و خۆبەربژێرکردنەوەشی لێ قەدەخەکرا، پێش ئەم سزا نوێیە، لە دۆسیەیەکی گەندەڵیدا، سزای سێ ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرابوو. 
 
زنجیرە سزاکانی سەر عیمران خان و هاوژینەکەی چەند هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنی پاکستان بوون، کە لە مانگی شوبات بەڕێوەچوو، ئەوکات خان گوتی "سزاکانی هۆکاری سیاسییان لەپشتەوەیە."