دوای سێ ساڵ لە داخستنی، پێشانگەی نێودەوڵەتیی تاتوو لە چین کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەدان کەس لەنێو هۆڵێکی گەورەی شاری لانگفانگی چین خۆیان رووتکردەوە بۆ ئەوەی لەلایەن بەناوبانگترین نەخشێنەرانی تاتوو لە جیهان، تاتوو لەسەر جەستەیان بنەخشێندرێت.
 
پێشانگەی نێودەوڵەتیی تاتوو، دوای سێ ساڵ دابڕان بەهۆی کۆرۆناوە، جارێکی دیکە دەرفەتی رەخساندەوە هونەرمەندان تێکەڵ بەیەکدی ببنەوە.
 
رۆما ستانلی، تاتووکاری رووسی کە لە پێشانگەکە بەشدارە، دەڵێ "تەنیا دەمانەوێ بەچاوی خۆمان ببینین و هەندێ خەڵکیش بناسین. سەیرێکی ستۆدیۆ بکەین و ئاشنای خەڵکی نوێ بین".
 
ماوەیەک بوو تاتووسازان لە چێژی کێبڕکێی نەخشاندنی تاتووی ناوازە دوورکەوتبوونەوە، گەڕانەوەیان بۆ پێشەنگاکەش بازاڕی گەرمکردوون.
 
نەخشێنەرانی تاتوو بۆ ماوەی سێ رۆژ لە پێشانگەکە لە کێبڕکێدا دەبن، بەڵام کێشەیان ئەوەیە لە رۆژێکدا تەنیا هەشت کاژێر کراوەیە، لەکاتێکدا تاتوو هەیە بە شەو و رۆژێکیش تەواونەبێت.
 
ژوو وینیانگ، بەڕێوەبەری پرۆژە لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی تاتووی چین لەبارەی کاتی پێشانگەکە دەڵێ "ئەمە ئاستەنگی بۆ کێبڕکێکاران دروستدەکات و وادەکات نەتوانن کاری مەزن بکەن، بەتایبەتیش لە ژینگەیەکی پڕ لە ژاوەژاودا... بەدڵنیاییەوە ئەگەر بتوانی لە کاتێکی کەمدا کارێکی جوان بکەی، دەبێت تۆ باشترین تاتووسازبیت".
 
لە پێشانگەکەدا سەردانکەران خۆیان داوەتە دەست تاتووسازانی لێهاتوو و لەسەر هەموو شوێنێکی جەستەیان تاتوو دەنەخشێنن. خەڵک دڵخۆش و تاتووسازان دڵخۆشتر.
 
گەڕانەوەی پێشانگە نێودەوڵەتییەکە کۆتایی بە شۆکی کۆرۆنا بۆ سەر پیشەکە هێنا و جارێکی دیکە، زیکەزیکی ئامێری تاتووکردن لەنێو عاشقانی تاتوو بەرزبووەوە.