یەکێتیی ئەوروپا هەڵوێستی نوێی خۆی بەرامبەر سووریا تاوتوێدەکات

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی کۆمکاری عەرەبی بڕیاری گەڕاندنەوەی کورسییەکەی سووریای دا، یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، ئەندامەکانی هەڵوێستی نوێی خۆیان لەبەرامبەر وڵاتە عەرەبییەکە تاوتوێ دەکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 8ـی ئایاری 2023، پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بەرپرسانی ئەوروپی لەم هەفتەیەدا بڕیارەکەی کۆمکاری عەرەبی بۆ وەرگرتنەوەی سووریا و "کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکان"ی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا هەڵدەسەنگێنن.
 
پیتەر ستانۆ روونیشیکردەوە کە جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، "لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکە گفتوگۆ دەکات بۆ ئەوەی هۆکارەکانی ئەم بڕیارە یان چاوەڕوانییەکانی لەم بڕیارە ببینین." 
 
ستانۆ وەبیریشیهێنایەوە، کە یەکێتی ئەوروپا لەم کاتەدا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد و هەڵوەشاندنەوەی سزاکان لەسەری بەدوور دەبینێت، تا ئەو کاتەی "جوڵانەوەیەک بەرەو چارەسەری سیاسی هاوتەریب لەگەڵ بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان" دەبێت و "گۆشەگیرکردن و چەوساندنەوەی سوورییەکان" کۆتایی د‌ێت. 
 
گوتەبێژەکە جەختیشی لەوە کردەوە کە "هەڵوێستی یەکێتیی ئەوروپا بێبنەما نییە" و پێویستە دیپلۆماتەکانی 27 وڵاتە ئەندامەکە گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی لەسەر هەڵوێستێک بگەنە کۆدەنگی. 
 
کۆمکاری عەرەبی رۆژی یەکشەممە، 7ـی ئایار، دوای 12 ساڵ لە راگرتنی ئەندامێتیی سووریا "بەهۆی سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپێشاندانەکان، کە بووە هۆی شەڕی نێوخۆ، بڕیاری گەڕاندنەوەی ئەندامێتیی سووریای دا.
 
ئەڵمانیا 'بۆ ئێستا' ئاساییکردنەوە رەتدەکاتەوە
 
لەلایەکی دیکەوە، ئەڵمانیا رایگەیاند، لەم کاتەدا هەلومەرجی گونجاو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریادا نییە.
 
کریستوفر بێرگەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژی دووشەممە، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "رژێمی سووریا بەردەوامە لە رێگریکردن لە هەر پێشکەوتنێک لە پرۆسەی سیاسیدا و رۆژانە گەورەترین پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر گەلەکەی خۆی دەکات."
 
گوتیشی: "لەم رووەوە، بەداخەوە هیچ شتێکی وا لە دۆخەکە نەگۆڕاوە کە رێگەمان پێدەدات پشتگیریی بکەین، بۆ نموونە بۆ ئاوەدانکردنەوە، بۆ هەڵگرتنی سزاکان و لە روانگەی ئێمەوە ئێستا هیچ هەلومەرمەرجێک بۆ گەڕانەوەی شکۆمەندانەی پەنابەران نییە."