دەنگدانی تورکیا لە هۆڵەندا بە دروستبوونی ئاڵۆزی کۆتاییهات

08-05-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەمستەردامی پایتەختی هۆڵەندا، ماوەیەکی کەم پێش کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانتارانی تورکیا، گرژی لەنێوان لایەنگرانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور و کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت روویدا.
 
کاژێر 21:00ی شەوی رابردوو لە ئەمستەردامی پایتەختی هۆڵەندا و شارەکانی لاهای و دەڤەنتەر دەنگدان کۆتاییهات.
 
لە ئەمستەردام بەهۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان لایەنگرانی هاوپەیمانیی جمهوور و هاوپەیمانیی میللەت کە ماوەیەکی کەم پێش کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان روویدا، پۆلیسی ئەمستەردام کەوتە ئامادەباشییەوە و ژمارەیەک هێلیکۆپتەری پۆلیس و ئامبوڵانس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
 
بەپێی گوتەبێژی ناوەندی RAI کە دەنگدانەکەی تێدا بەڕێوەچوو، شەڕەکە لەنێوان نوێنەرانی دوو هاوپەیمانییە سیاسییەکەدا روویداوە، ئەوەش کاتێک لە شوێنی دەنگدان لە ئەرکدا بوون.
 
شایەتحاڵێک لەوبارەوە دەڵێت، لە چەند رۆژی رابردوودا دۆخێکی نائارام لە پڕۆسەی دەنگدان لەو ناوەندە هەبووە، بەڵام لە کاژێرەکانی کۆتایی پرۆسەی دەنگدانەکەدا دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە.
 
نزیکەی 260 هەزار هاونیشتمانیی خەڵکی باکووری کوردستان و هاووڵاتیی تورکیا لە هۆڵەندا مافی دەنگدانیان بۆ ئەم هەڵبژاردنانەی تورکیا هەیە. ئەو پسولانەی دەنگدان کە لە هۆڵەندا بەکارهێندراون، پێش 14ی ئایار رەوانەی تورکیا دەکرێن.
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن دامەزراوەی بیرکردنەوەی هۆڵەندی پەیمانگەی Clingendael ئەنجامدراوە، دەنگدەرانی تورکیا کە لە هۆڵەندا چوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان نزیکەی 56%ی کۆی گشتیی ئەوانەن کە مافی دەنگدانیان هەیە.
 
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018ـدا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەدوای بەلجیکا، گەورەترین پشتیوانی لە دەنگدەرانی تورکیا لە هۆڵەندا بەدەستهێنا. لەو هەڵبژاردنەدا 73.3%ی دەنگدەرانی تورکیا لە هۆڵەندا دەنگیان بە ئەردۆغان دا؛ لە بەلجیکا ئەو رێژەیە 74.9% بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.