لە ئەمریکا کەسێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە خۆی بەنێو خەڵکدا دەکات و حەوت کەس دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ

لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا، کەسێک ئۆتۆمبێلەکەی بەنێو خەڵكدا کرد و لە ئەنجامدا بەلایەنی کەمەوە حەوت کەسی کوشت و 10 کەسی دیکەشی بریندارکرد.
 
رووداوەکە کاژێر 08:30 بەیانیی رۆژی شەممە (7ـی ئایاری 2023) بە کاتی نێوخۆیی ئەمریکا (کە دەکاتە کاژێر 05:30ـی ئێوارەی هەمان رۆژ بە کاتی هەولێر) لە شاری براونسڤیل لە باشووری ویلایەتی تێکساس لە بەردەم ناوەندێکی کۆچبەران روویداوە.

 

 
شۆفێرەکە بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە خۆی بەنێو کۆمەڵێک خەڵکدا کردووە کاتێک لە وێستگەی پاسی شارەکە وەستاون، لە ئەنجامدا لانیکەم حەوت کەسی کوشتووە و 10 کەسی دیکەشی بریندارکرد، ئەوەش وەک پۆلیس باسی دەکات. 
 
پۆلیس هەروەها دەڵێ "تائێستادا وەکو رووداوێکی بێمەبەست مامەڵە لەگەڵ رووداوەکەدا دەکەین"، بەڵام شاهێدحاڵان دەڵێن شۆفێرەکە پێش ئەوەی خۆی بە خەڵکەکەدا بکێشێت، جوێنی پێداون و سووکایەتیی پێکردوون.  

 

 
پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام تائێستا ناسنامەی شۆفێرەکەی ئاشکرا نەکردووە و بڕیارە رۆژی دووشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، وردەکاری زیاتر لەسەر رووداوەکە و ناسنامەی شۆفێرەکە بخاتەڕوو. 
 
ئەو رووداوە لەکاتێکدایە رۆژی 6-5-2023، پۆلیسی ویلایەتی تێکساس ئاشکرای کرد چەکدارێک چووەتە بەردەم مۆڵێکی قەرەباڵخ لە شاری ئاڵن لە داڵاسی باکووری ویلایەتی تێکساس و بە هەڕەمەکی دەستڕێژی گوللـەی لە خەڵک کردووە، هەشت کەسی بە گوللـە کوشت و حەوت کەسی دیکەشی بریندارکرد، دواتر خۆیشی لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا.