لە ئیسپانیا خۆپێشاندانێک بۆ بە یاساییکردنی ماریوانا بەڕێوەدەچێت


رووداو دیجیتاڵ

هەزاران کەس رژانە سەر شەقامی سەرەکیی مەدریدی ئیسپانیا و داوا لە حکومەت دەکەن، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری جۆری ماریوانا، بە یاسایی بکات.
 
یەکێك لە خۆپێشاندەرەکان بە ناوی ئالبێرت تییۆ دەڵێت، "25 ساڵە ئێمە داوای دەرکردنی یاسای ئازادکردنی بەکارهێنانی ماریوانا دەکەین، کێشانی ماریوانا و هەروەها بەکارهێنانی لە کەرتی تەندروستی".
 
خۆپێشاندەران درووشمی "یاساییکردنی ماریوانە، مافی رەوای خۆمانە"یان بەرزبکردبووەوە. لە 20 ساڵەوە تاوەکو سەروو 60 ساڵ بەشداریی خۆپێشاندانیان کرد. زۆربەشیان لەگەڵ خۆیان بڕێک حەشیشیان هێنابوو تاوەکو هەر لەوێ بیکێشن.
 
فێمین، دانیشتووی بارسێلۆنایە و دەڵێت، "ئێمە لە بارسیلۆناوە هاتووین تاوەکو داوای مافی خۆمان بکەین کە بریتییە لە ئازادکردنی ماریوانا، لە چەندین وڵاتی جیهان ماریوانا ئازادکراوە و ئیسپانیا لەو رووەوە دوا کەوتووە".
 
لە ساڵی 1999وە، ساڵانە لە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا، رێپێوانی تایبەت بە یاساییکردنی ماریوانا، بەبێ ئەوەی هیچ تووندوتیژییەکیان لێبکەوێتەوە، بەڕێوەدەچن.