بەلەمێک لە نزیک مۆزەمبیق نوقمبوو و 96 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە دوورگەیەکی ئەفریقا بەلەمێک کە 130 کەسی هەڵگرتبوو، ژێرئاوکەوت و 96 کەس گیانیان لەدەستدا. بەرپرسان دەڵێن، "لە ترسی تووشبوون بە کۆلێرا، رایانکردبوو."
بەلەمەکە ئەمڕۆ (دووشەممە، 08-04-2024) لە دوورگەیەکی نزیک پارێزگەی نامپولا لە مۆزەمبیق ژێرئاوکەوت و 96 کەس گیانیان لەدەستدا کە پێنجیان منداڵن.
جەیمی نێتۆ، وەزیری دەرەوەی مۆزەمبیق رایگەیاند، "ئەو کەسانە ویستبوویان لە تووشبوون بە نەخۆشیی کۆلێرا رابکەن."
بەرپرسانی فریاگوزاریی مۆزەمبیق دەڵێن، "11 کەسیان رزگارکردووە و لە هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی خەڵکی زیاتر بەردەوامین."
مۆزەمبیق دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئەفریقا, یەکێکە لە وڵاتە زۆر هەژارەکانی جیهان. جگە لە سەختیی باری ئابووریی وڵاتەکە، کۆلێرا تەنگی بە خەڵکەکە هەڵچنیوە.
بەگوێرەی تەندروستیی وڵاتەکە، "لە تشرینی یەکەمی رابردووەوە نزیکەی 15 هەزار تووشبوون بە کۆلێرا تۆمارکراوە و 32 کەسیش بەو نەخۆشییەوە مردوون."
زۆریی تووشبوون بە نەخۆشییەکە ترسی لای هاووڵاتیان دروستکردووە و خەڵکێکی زۆر دەچنە وڵاتانی دەوروبەر بۆ دووربوون لێی.
کۆلێرا نەخۆشییەکە بەھۆی بەکتریای ڤایبریۆ کۆلێرا تووشی مرۆڤ دەبێت؛ زۆربەی کات لە رێگەی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و خۆراکی پیسەوە بڵاودەبێتەوە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە تێکڕا زیاتر لە 100 هەزار کەس لە جیهاندا بە کۆلێرا گیان لەدەستدەدەن.
هۆکارێکی دیکەی راکردنی خەڵک، هێرشی گرووپێکی چەکدارییە لە پارێزگەی کابۆ دێلگادۆیە لە وڵاتەکە. گرووپێکی چەکداری ئیسلامی لە 2017ـەوە لە ناوچەکە جموجووڵی زۆرە. لە حەوت ساڵی جموجووڵ و هێرشی ئەو گرووپە چەکدارییەدا نزیکەی پێنج هەزار کەس کوژراون و یەک ملیۆن کەسیش ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
بەشێکی گەورەی سنووری مۆزەمبیق دەکەوێتە سەر زەریای هیندی و وڵاتەکە لە 1975 سەربەخۆیی لە پورتوگال وەرگرت.
نزیکەی 30 ملیۆن کەس لە مۆزەمبیق دەژین کە دوو لەسەر سێیان هەژارن. رێژەی ٪55.8ـی دانیشتووانەکەی کریسیتیانن و ٪26.1ـیشیان پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن.